شێخ جەعفەر: دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتیدا نەماوە
"كەس نازانێت داهاتی یەكێتی چۆن دێت و چۆن دەڕوات و بۆ كێ خەرج دەكرێت"
K24 - ھەولێر
ئەندامكێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە ناوەندی بڕیار له ناو یەكێتیدا نەماوە و هەركەسە و بۆخۆی بووە و تەنانەت ئەگەر لەگەڵ كەس و لایەنێک دابنیشتینایە گوزارشتمان لە رای خۆمان دەكرد، نەک یەكێتی.
شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا باس كێشەی دیکەی ناو یەكێتی دەكات و دەڵێت، كەس نازانێت داهاتی یەكێتی چۆن دێت و چۆن دەڕوات و بۆ كێ خەرج دەكرێت و بێویژدانی لە دابەشكردنی داهاتی یەكێتیدا هەیە كە پارەی پـێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانە.
شێخ جەعفەر دووپاتیکردەوە، چەندین راگەیاندنی جیاواز لەنێو یەكێتی كە بە پارەی شەهیدان و پێشمەرگەی یەكێتی بەڕێوەدەچن، بەڵام هیچییان گوزارشت لە رای یەكێتی ناكهن و هەركەس وەک زۆڕنا چۆنی بوێت ئاوا فووی پێدا دەكات.
وتیشی بە تەنها "گەلی كوردستان" و "كوردستانی نوێ" هی یەكێتین، بەڵام ئەوانیش گەڕ و گول بوون، بزانن موچەی پەیامێرێک لەو دوو دەزگایە لە چاو پەیامنێری دەزگاكانی تر كە بە پارەی یەكێتی بەڕێوەدەچن چەندە جیاوازیان هەیە.
شێخ جەعفەر مستەفا كە خۆی یەكێک بوو لەوانەی ناوەندی بڕیاریان راگەیاند دەڵێت زۆرینە و ئەوانە هەمووی درۆ دەلەسەیە، بڕیار ناوەندی بڕیار دەریدەكەن، با بێتە سەر ئەوەی بڕیار بدەین ئەو كاتە دەزانن كێ بڕیار لە ناو یەكێتیدا دەدات. ئەگەر رێگری لێكرا قابیلە بێدەنگ بین، وەرە ئەو كات پرسیارم لێ بكە پێت دەڵێم هەڵوێستمان چییه و چۆن دەبێت.
ئهو ئهندامهی مهكتهبی سیاسی یهكێتی سهبارهت به شهرعی بوونی ناوهندی بڕیار گوتی شەرعیەتی ئەسڵی ئەسڵەن لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانن، لە دوای دوو جێگرەكە سێ كەسی تر شەرعیەتییان هەیە لە ناو مەكتەب سیاسیدا كە بە دەنگی كۆنگرە هەڵبژێردراون ئەوانیش یەكێكیان حاكم قادرە و یەكێكیشیان مەحمود سەنگاوییە ئەوی تریشیان بەندەی موخڵیستانە، ئەم سێ كەسەمان بە دەنگ بووینەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەگەرنا باقیەكەی تری لەسەر بنەمای ئەوە دوو بۆ هەولێر و دوو بۆ سلێمانی و ئەوە دوو بۆ خانەقین و ئەوە دوو بۆ كەركوک بەو شێوەیە بوون بە سەركردایەتی، بەشێكیشیان ئیحتیاتن.
گوتیشی كاک كۆسرەت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە غیابی مام جەلالدا هەموو دەسەڵاتەكانی جێگری سكرتێری گشتی هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار نەهێناوە، ئەویش لەپێناو پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی، هەر ئەو كاک كۆسرەتە چەندین جار شەڕواڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هەڵكێشاوەتەوە.
دووپاتیشی كردەوە جگە لەوە دوو برادەرەی جێگر، ئەوانی تر نەک شەرعییەت فڕیشیان پێوە نەماوە نە بە مەكتەبی سیاسی و نە بە سەركردایەتی، لە خۆشمەوە دەست پێدەكەم هەر كەسێكیش لاف لێدات كە سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسییە سەهووە.
له بهشێكی تری قسهكانیدا، فهرماندهی یهكهی حهوتای یهكێتی گوتی هەروەک چۆن لە كوردستان كێشە و ململانێی نێوان لایەنەكان لەسەر پارە و پـۆستە، كێشەكانی ناو یەكێتیش لەسەر دزینی سامانی میللەت و پۆستە، نەک لەسەر فكر و كوردایەتی، من رۆژێک نەمبینی ئەوانەی كێشەیان هەیە بڵێن كێشەمان لەسەر ئەوەیە چۆن پارە و داهات دابەش بكەین بەسەر خەڵكدا و ژیانیان خۆش بێت، چۆن بەرگری لە كورد و دەوڵەت و خاكی كورد بكەین و كوردستان بگرینە ئاڵتون و كاممان داهاتی زیاتر بەسەر خەڵكدا دابەش بكەین.
سهبارهت به رۆڵی خۆی و كاریگهری كێشه ناوخۆییهكانی یهكێتی لهسهر شهڕی دژی داعش گوتی من پـێشمەرگەم و لە جەبهەم، نامەوێت خۆم لەو ململانێ ناشەریفانەیەوە بگلێنم، چونكە درزێک بكەوێتە بەرەكانی شەڕ داعش پەلاماری كوردستان دەدات و هەموو كوردستان ئاوارە دەبن. ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر پـۆست و پارە شەڕیانە، هەموویان دەبێت بڕۆن لە بەردەم دەزگا و موخابەراتی دەوڵەتانی دەوروبەر بكەون و بپاڕێنەوە وەرەقەیەكیان بۆ بكەن یان ڤیزەیەكیان بۆ بكەن، لەبەر ئەوە من خۆم خەریكی ئەوەم رێگە نەدەین كەلێنێكمان تێ بكەوێت و داعش ئەمنییەتی ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان تێك بدات.