هەژماری من: ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) زیاتر دەکەین

وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئامێرێکی ATM و لۆگۆی هەژماری من
وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئامێرێکی ATM و لۆگۆی هەژماری من

لە چوارچێوەی فراوانکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" و زیادکردنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ATM، تیمی پرۆژەی هەژماری من سەرقاڵی زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکیشانی پارە و تیمی بانکە ڕاسپێردراوەکانە، و تیمەکەش دەڵێن: هەر بەشدرابوویەکی پڕۆژەکە دەتوانێت لە سەرجەم بانکە بەشدرابووەکانی پرۆژەی هەژماری من مووچەکانیان وەربگرن.

سەرچاوەیەک لە تیمی پرۆژەی "هەژماری من" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کار بۆ ڕووپێویی و کاری ئەندازەیی بۆ شوێنی نوێ دانانی  ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە دەکرێت، بە ئامانجی جێگیرکردن و زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکان و، هاوکات بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی سەر ئامێرەکان، هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەم مانگە مووچە لە ڕێگەی هەژماری من بە یەک ڕۆژ دابەش ناکرێت و دەکرێت بە دوو ڕۆژ.

ڕوونیشکردەوە، ئێستە 211 ئامێر لە 65 بنکەی جیاواز لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگر کراون و ڕۆژانە ئامێری نوێ زیاد دەکرێت.

ڕاشیدەگەیەنێت، هەر ئامێرێک 100 بۆ 300 ملیۆن دینار پارە تێدا شوێن دەبێتەوە، کاتێک پارە لە ناو هەر یەک لە ئامێرێکی ATM نامێنێت مانای نەبوونی پارە نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی بۆ کەمی ژمارەی تیمی بانکە ڕاسپێردراوەکان بۆ پڕکردنەوەی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا ئامانجمانە کەمتر لە کاتژمێرێک ئامێرەکان پڕ بکرێنەوە، لە ئێستەدا هەر بانکێک دوو تیمی بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردووە بۆیە وێڕای زیادکردنی ئامێرەکانی ڕاکیشانی پارە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی تیمەکانمان بۆ نۆ تاوەکوو 10 تیم زیاد بکەین.

ئەو سەرچاوەیەی تیمی پرۆژەی هەژماری من ئەوەشی خستەڕوو، ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، لە هەمان کاتدا مووچەخۆران دەتوانن لەسەرجەم بانکەکانی هەژماری من پارەکانیان رابکێشن، بەڵام کاتێک مووچەخۆر لە هەر بانکێکی دیکە مووچەکەی ڕابکیشێت کە جیاوازە لەو بانکەی تێیدا خۆی تۆمار کردووە بەپێی ڕێسای بانکی ناوەندیی عێراق کرێی ڕاکێشان یاخود عمولەی بە 0.4% لەسەر دەبێت، کەمترین کرێی راکێشان 1,000 دینار و زۆرترین 2,000 دەبێت.

کرێی ڕاکێشان " عمولە" بەم شێوەیە دەبێت:

100,000 دیناری عێراقی ڕابکێشێت، 1,000 دینار وەک عمولە لێی وەردەگیردرێت، هەرچەندە دەبێت 400 دینار بێت، بەڵام چونکە کەمترین عمولە هەزار دینارە، راستەوخۆ هەزار دینار وەک عمولە لە بەشدرابوو وەردەگیردرێت.

200,000 دیناری عێراقی ڕابکێشێت، عمولەکەی 1,000 دیناری دەبێت. لە راستیدا دەبێت 800 دینار بێت، بەڵام چونکە کەمترین عمولە هەزار دینارە، عمولەکە دەبێت بە هەزار دینار.

300,000 دیناری عێراقی رابکێشێت، عمولەکەی 1,200 دینار دەبێت.

400,000 دیناری عێراقی ڕابکێشێت، عمولەکەی 1,600 دینار دەبێت.

⁠بەڵام ئەگەر مووچەخۆرێک 500,000 دینار یاخود زیاتر ڕابکێشێت، عمولەکەی تەنیا 2,000 دینار دەبێت.

جەختیش دەکاتەوە، پارەی هەر مووچەخۆرێک لە پڕۆژەکەدا گەرەنتی کراوە. دەشڵێت، پێویستە مووچەخۆر بەر لەو نامەیەی کە لەلایەن تیمی هەژماری من پێی دەگات سەردان بنکەکان نەکات.