هاوکاریی هاوپەیمانان لە ڕێگەی "هەژماری من" دابەش دەکرێت

مووچە
مووچە

هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێت و نزیکەی 11 هەزار پێشمەرگە دەتوانن لە دوای کاتژمێر نۆی پێشنیوەڕۆ لە رێگەی هەژماری من هاوکارییەکانیان وەربگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، تیمی "هەژماری من" بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانی مانگی ئاب بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پرۆژەکەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێت و ئەم مانگە نزیکەی 11 هەزار پێشمەرگە لەو ڕێگەیەوە هاوکارییەکانیان وەردەگرن، بەجۆرێک پارێزگای هەولێر هەشت هەزار پێشمەرگە هاوکارییەکانیان هاوتووەتە سەر هەژمار من، لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی هەزار 400 پێشمەرگە و لە پارێزگای دهۆک نزیکەی هەزار و 500 پێشمەرگە هاوکارییەکانیان خراوەتە سەر هەژمار من.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هاوکاریی هاوپەیمانان دوای کاتژمێر 09:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، دەچێتە سەر هەژماری بانکی بەشداربووان و بە کورتەنامەیەک ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بچن سەردانی ئامێرەکانی  ATM بکەن بۆ ڕاکێشانی هاوکارییەکانیان. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕی هاوکارییە داراییەکە بۆ هەر پێشمەرگەیەک 401 هەزار دینارە.

تیمی "هەژماری من" ئەوەشی خستە ڕوو، لە مانگی داهاتوودا ژمارەکە زیاتر دەبێت، تاوەکو سەرجەم لیوا هاوبەشەکان دەگوازرێنەوە بۆ پارەدانی دیجیتاڵی، هەروەک بەشێک لە کارنامەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دووێنێ یەک شەممە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەووە، هاوکاریی دارایی مانگی ئاب (هەشت)ـی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان و ڕۆژی دووشەممە، 09-09-2024، هاوکاریی داراییەکە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت.