کۆریای باکوور یادی 76 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە
مێدیاکانی دەوڵەتی کۆریای باکوور بڵاویان کردەوە، بە بۆنەی 76 ساڵەی دامەزراندنی کۆریای باکوور چەند وڵاتێک پیرۆزبایی لە کیم جۆنگ ئون دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور بڵاوی کردەوە، کیم دۆک هون، سەرۆکوەزیرانی کۆریای باکوور و بەرپرسانی باڵای دیکە سەردانی کۆشکی خۆری "کومسوسان"ی کرد، کە تەرمی باوکی کیم جۆنگ ئیل، سەرۆکی ئێستەی کیم جۆنگ ئیل و باپیرەی کیم ئیل سونگ دوای ئەوەی مۆمیا کراون، لەوێ بەخاک سپێردراون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، کیم بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی دەوڵەتەی کۆریاوە پەیامی پیرۆزبایی لە لایەن ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا، شی جین پینگ، سەرۆکی چین و میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا وەرگرتووە.
پۆتین لە نامەکەیدا بۆ کیم نووسیویەتی؛ پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزتر، ئەمەش بەڵگەی دانوستانە بنیاتنەرەکانی لووتکەیە کە لە مانگی حوزەیران لە پیۆنگیانگ بەڕێوە چوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، دڵنیام کە هاوبەشی ستراتیجیی هەمەلایەنەی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکوور وەک پلانی بۆ دانراوە، بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە بەهێزتر دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا ڕاشیگەیاند، کە لە پەیامەکەی سەرۆکی چینیشدا هاتووە: چین بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە فەرهەنگییەکان لەگەڵ کۆریای باکوور لە ڕوانگەیەکی ستراتیجی و درێژخایەنەوە، بەو پێیەی ئەمساڵ یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرۆکی چینەوە بڵاوی کردووەتەوە کار دەکەین بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیجییەکان و بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ باکوور، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ زیاتر چەسپاندن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا، لای خۆیەوە نامەیەکی بۆ کیم ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باکوور دووپات کردەوە.
دیاز کانێل لە پەیامەکەیدا دەڵێت: ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆریای باکوور لەسەر بنەمای پەیوەندی برایانە و بناغە مێژووییەکەمان بە گرنگ دەزانم.
کۆریای باکوور لە 9ـی ئەیلوولی 1948 بە سەرکردایەتیی کیم ئیل سونگ، دامەزرێنەر دامەزراوە، کۆریای باکوور هەمووساڵێک لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و بە ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیانی دەناسێنن.
هەر بەو بۆنەیەوە، حکوومەتی کۆریای باکوور، لە شاری پیۆنگیانگ و ئێوارەخوانێکی سازکرد و بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆریای باکوور ئاهەنگی گێڕا.