وەزیری دارایی بۆ کوردستان24: پێموایە کۆبوونەوەکانی هەولێر بە ئەرێنی تەواو دەبن
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێیوایە کۆبوونەوەکانی هەولێر "بە ئەرێنی تەواو دەبن". گوتی: لەگەڵ شاندی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەی مووچە و سەرجەم پرسەکان کردووە.
دووشەممە، 09-09-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی کە ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی وەزریی ئابووریی هەرێمی کوردستانە؛ لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق؛ وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە.
وەزیری دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان "باش بەڕێوە دەچن و گفتوگۆمان لەبارەی مووچە و پرسە بازرگانی، كشتوکاڵی و چەندین پرسی دیکە کردووە".
وەزیری دارایی و ئابووریی لە وەڵامی پرسیاری "چاوەڕێ دەکەن کۆبوونەوەکان چارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن" گوتی: "ئومێدەوارم، لە کۆبوونەوەکاندا باسی هەموو شتێکمان کردووە؛ پێموایە بە ئەرێنی تەواو دەبن".
کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەن دوێنێ یەکشەممە، 08-09-2024، لە هەولێر دەستیان پێ کرد و ئەمڕۆ دووشەممە، 09-09-2024، بەردەوامیان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر درێژە بکێشن.
سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکانی یەکشەممە، 08-09-2024، ئەرێنی بوون و لێکگەیشتنی باش لە لەنێوان شاندی هەردوولا لەبارەی زۆرێک لە کێشەکان هەبوون؛ چاوەڕێ دەکەین ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک ڕێککەوتن مۆر بکرێن".
ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە پێک دێت.
ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقیش لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی؛ ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی و ژمارەیەک وەزیری دیکە پێک دێت.