سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بۆ کوردستان24: زۆرینەی کێشەکان چارە دەبن
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق دڵنیایی دەدات، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی کێشە هەڵپسێردراوەکان چارە دەکەن.
دووشەممە، 09-09-2024، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی کوردستان "زۆر باشن و لێکگەیشتنی زۆر باش" لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە.
د. فوئاد حوسێن کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، دڵنیایی دا لەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەن، زۆرینەی کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان چارە دەکەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە "مووچە و بودجەی (هەرێمی کوردستان)، گومرگ، پەیوەندییە بازرگانییەکانی دوولایەنە، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، وەبەرهێنان و چەند پرسێکی دیکەمان کردووە".
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان: پێموایە کۆبوونەوەکانی هەولێر بە ئەرێنی تەواو دەبن
دووشەممە، 09-09-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەنجوومەن "باش بەڕێوە دەچن و گفتوگۆمان لەبارەی مووچە و پرسە بازرگانی، كشتوکاڵی و چەندین پرسی دیکە کردووە".
وەزیری دارایی و ئابووریی لە وەڵامی پرسیاری "چاوەڕێ دەکەن کۆبوونەوەکان چارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن" گوتی: ئومێدەوارم، لە کۆبوونەوەکاندا باسی هەموو شتێکمان کردووە؛ پێموایە بە ئەرێنی تەواو دەبن.
کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت
کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەن دوێنێ یەکشەممە، 08-09-2024، لە هەولێر دەستیان پێ کرد و ئەمڕۆ دووشەممە، 09-09-2024، بەردەوامیان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر درێژە بکێشن.
سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکانی یەکشەممە، 08-09-2024، ئەرێنی بوون و لێکگەیشتنی باش لە لەنێوان شاندی هەردوولا لەبارەی زۆرێک لە کێشەکان هەبوون؛ چاوەڕێ دەکەین ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک ڕێککەوتن مۆر بکرێن".
ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە پێک دێت.
ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقیش لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی؛ ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی و ژمارەیەک وەزیری دیکە پێک دێت