کوردستان24 وردەکاریی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ژمارەیەک پرس ئاشکرا دەکات

دیمەنێکی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان
دیمەنێکی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان

هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەکردنی کێشەی مووچە و ژمارەیەک پرسی دیکە گەیشتنە ڕێککەوتن. 

ماوەی دوو ڕۆژە کۆبوونەوەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوامن و بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەردوولا لەبارەی ژمارەیەک پرس گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باشیش لەسەر ژمارەیەک پرسی دیکە هەیە.

کوردستان24 زانیویەتی، هەردوو ئەنجوومەنەکە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:

1. کۆمپانیاکان تەنها باج بە یەک حکوومەت بدەن، یان حکوومەتی عێراق یان هەرێمی کوردستان؛ واتا نابێت باجی دوولایەنە بمێنێت.

2. چارەکردنی کێشەکانی وەبەرهێنانی هەردوولا؛ بۆ ئەم مەبەستە هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.

3. کێشەی مووچە چارە دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ یان سبەی لیستی مووچەی مانگی ئاب ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

4. پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ لادانی بازگەکانی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.


کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەن دوێنێ یەکشەممە، 08-09-2024، لە هەولێر دەستیان پێ کرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامییان هەیە.

ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی؛ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە پێک دێت.

 ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقیش لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛  تەیف سامی، وەزیری دارایی؛  عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی؛  ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی و ژمارەیەک وەزیری دیکە پێک دێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بۆ کوردستان24: زۆرینەی کێشەکان چارە دەبن

دووشەممە، 09-09-2024، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی کوردستان "زۆر باشن و لێکگەیشتنی زۆر باش" لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە.

د. فوئاد حوسێن کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، دڵنیایی دا لەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەن، زۆرینەی کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان چارە دەکەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە "مووچە و بودجەی (هەرێمی کوردستان)، گومرگ، پەیوەندییە بازرگانییەکانی دوولایەنە، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، وەبەرهێنان و چەند پرسێکی دیکەمان کردووە".

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان: پێموایە کۆبوونەوەکانی هەولێر بە ئەرێنی تەواو دەبن

دووشەممە، 09-09-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەنجوومەن "باش بەڕێوە دەچن و گفتوگۆمان لەبارەی مووچە و پرسە بازرگانی، كشتوکاڵی و چەندین پرسی دیکە کردووە".

وەزیری دارایی و ئابووریی لە وەڵامی پرسیاری "چاوەڕێ دەکەن کۆبوونەوەکان چارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن" گوتی: ئومێدەوارم، لە کۆبوونەوەکاندا باسی هەموو شتێکمان کردووە؛ پێموایە بە ئەرێنی تەواو دەبن.