ئەڵمانیا پشتیوانیی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی  کوردستان، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە، بەتایبەت بۆ ئامادەکردنی هێزێکی سەربازیی کە بتوانێت ڕێگریی بکات لە هەر مەترسییەکی ئێستا و ئایندە.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد کە بەمەستی ماڵئاوایی و کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزیری پێشمەرگەی کرد.

لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و عێراق و کوردستانی کرد، هەروەها چەند پرسێکی گرنگی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمپەر و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چاکسازییان تاوتوێ کرد.

وەزیری پێشمەرگە سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیای کرد کە هەمیشە لە ڕێگەی ڕاوێژکارەکان و دیپلۆماتکارانیان، هاوشان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، پاڵپشت و پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەن و ڕایگەیاند: راوێژکاران و دیپلۆماتکارانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی باڵا و هەماهەنگیی زۆریان هەبووە لەگەڵمان بە تایبەت لە پرۆسەی چاکسازیی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی.

وەزیری پێشمەرگە، جەختی لە پێویستی پلانی داهاتوو بۆ کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

کۆڵۆنێڵ لارس، دوای ناساندی کۆڵۆنێڵ تۆماس ریتەر وەک جێگرەوەی خۆی، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە، هیوای خواست لە داهاتوودا بایەخی زیاتر بە پەیوەندی نێوان وڵاتەکەی و هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت، بۆئەوەی بە هاوکاریی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان کاری جددی بکرێت، تاوەکو بتوانرێت هێزێکی سەربازیی بە توانا ئامادە بکرێت کە ڕێگربێت لە هەر مەترسییەک لە ئێستا و ئایندەدا.