دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: بێهزاد خوسرەوی لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری شاری سلێمانی ڕادەستی ئێران کراوەتەوە

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: بێهزاد خوسرەوی بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەوڵاتی خۆی هاتووەتە هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری شاری سلێمانی ڕەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە.

دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی لەبارەی ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە ئێران لەلایەن ئاسایشی سنووری شاری سلێمانی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت:دوای بەدوا داچوونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەتایبەت نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، سەبارەت بەهەواڵی ڕادەستکردنی هاووڵاتیەکی پەنابەری کوردی خەڵکی ئێران بەناوی  بێهزاد خوسرەوی دانیشتوی شاری سلێمانی بەدەوڵەتی ئێران، دەرکەوتووە ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستی تایبەتەو پەنابەربووە، لەشاری سلێمانی نیشتەجێ بووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەوڵاتی خۆی هاتۆتە هەرێمی کوردستان.

دەڵێت: بەڵام دوای بانگ کردن لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری شاری سلێمانی، ڕەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە دوور لەهەر ڕێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبوونی هیچ بڕیارو ڕێککەوتنێک لەو بارەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات کە، ناردنەوەی ئەو هاووڵاتیە بەوڵاتی خۆی، پێچەوانەی بڕگەی دووەمی ماددەی (21) ی دەستوری عێڕاقی فیدڕاڵە کە دەڵێ (نابێ پەنابەری سیاسی ڕادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە یان بگەڕێنرێتەوە بەزۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی ڕایکردووە )، هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەشڵێت: ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێ بۆ گەڕانەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لەنێوان وڵاتان، پێویستە لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بێت و بەئاگەداریی لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جورە کەیسانە بکرێن.

دەڵێت: ئێمە پێمان وایە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرهێل بۆ سۆراخ کردنی هەواڵی ئەو هاووڵاتیە و پاراستنی ژیانی لەوڵاتی خۆی، جەخت دەکەینەوە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لەهەرێمی کوردستان وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و ژیانیان پارێزراو بێت دوور لەیاساو ڕێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی تریان لەگەڵ نەکرێ.