لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتیان خۆیان هەوڵی فێربوونی زمانی کوردی دەدەن
له دهرهوهی سیستهمی پهروهردهی ئێران خۆیان فێری كوردی دهكهن
K24 – ههولێر:
سی و حەوت ساڵە مادەیەک بەناوی مادەی پازدە لە دەستووری ئێراندا گونجاوە کە ئیزن دەدات نەتەوەکانی ئێران لە قوتابخانەکاندا لە تەنیشت زمانی فارسی، زمانی دایکی خۆیشیان بخوێنن. هەرچەند ئەم یاسایە جێبەجێ نەکراوە، بەڵام کوردانی رۆژهەڵات خۆیان هەوڵدەدن فێری زمانی کوردی بن.
لهم کۆبوونەوەیهدا دایکان و باوکانی ئەو منداڵانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەوڵی خۆیان و ماموستایانی کوردیزان، لە دەرەوەی سیستەمی پەروەردەی فەرمیی ئێران فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی دەبن.
لەمێژووی ئێراندا، بۆیەکەمجار دوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لە دەستووری ئەم وڵاتەدا بە فەرمی دان بە بوونی زمانە جیاوازەکانی گەلانی ئێران نرا، بەڵام تا ئێستا ئەم یاسایە کە لە مادەی ١٥ی دەستووری ئێراندا گونجاوە، جێبەجێ نکراوە. تەنیا لەم دواییانەدا لە دووشاری پارێزگایەکی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنی زمانی کوردی وەک تاقیکردنەوە دەستی پێکراوە و دوای بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی، بۆ ئەمساڵ لە زانکۆی شاری سنەش بەشێک بۆ زمانی کوردی، خوێندکاران وەردەگرێت.
ماوەی چەند ساڵە ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردیی سۆما وەک کەرتی تایبەت لە شارەکانی کوردستان هەوڵیداوە منداڵانی کورد فێری خوێندن و نووسینی زمانی دایک بکات.
دەرچوانی ئەم خولەی فێربوونی زمانی کوردی رۆژی دووشەممە لە مەراسمێکدا بە بەشداریی دایکان و باوکان و بەشێک لە بەرپرسانی ئێدارەکانی شاری شنۆی بەڵگەنامەی فێربوونیان پێدرا.
ماموستایانی دڵسووزی زمان لە شنۆ وەک زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا چەندین خولی فێرکردنی زمانی کوردیان بەڕێوە بردووە و جگە لە منداڵان، دەیان ماموستا و فەرمانبەری ئیدارەکان و کەسانی دیکەش لەم پۆلانەدا فێری زمانی کوردی بوونە.
دەستپێکردنی خوێندنی زمانی کوردی، دوای ٣٧ ساڵ لە پەسەندکردنی لە دەستووردا و ماندوویەتیی ماموستایانی خۆبەخش بەناوی کەرتی تایبەت، ناتوانێت خوازیارانی فێربوونی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی لەخۆ بگرێت، مەگەر لە هەموو شارەکان مادەی ١٥ی دەستووری ئێران جێبەجێ بکرێت کە دەڵێت خوێندنی زمانی هەموو نەتەوەکانی ئێران لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فەرمی واتە زمانی فارسی ئازادە.