تۆماس سیلەر: بۆ ڕووبەڕووبوونەی گەندەڵی هاوکاریی عێراق دەکەین

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا وەکو ئەرکی خۆی پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری.

سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، لە دووەمین کۆڕبەندی عەرەبیی بەهێزکردنی حوکمڕانی  لە عێراق  ڕایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا وەکو ئەرکی خۆی پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراق، لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری.

ئەو باڵیۆزە دەڵیت: بۆ نموونە کە تۆ کۆمپانیایەکت هەبێت و پردێک دروست بکەیت، کاتێک هەموو پێداویستییەکان پێشکەشی وەزارەتەکە دەکەیت بۆ ئەوەی کارەکە بکەیت، گرێ بەستەکە بۆ تۆ دەرناچێت و بۆ کەسێکی دیکە دەردەچێت، لێرەدا گەندەڵی سەر هەڵدەدات. ئەمە ئەو نموونەیە کە من دەمەوێت جەتی لەسەر بکەمەوە، کە گەندەڵی لە دامەزراوەکان و ئیش و کارە ڕۆتینەکانەوە دەست پێ دەکات.

دەشڵێت: من دەمەوێت پشتیوانیی خۆم بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپات بکەمەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئێمە وەکوو یەکێتیی ئەورووپا هەموو کات ئەوەمان ڕوون کردووەتەوە، کە ئەوە پێویستە ئەرکێکی لە پێشینە بێت، جەختمان لە ڕێکارێکی بەهێز کردووەتەوە بۆ ئەو ئەرکە.

باسی لەوەش کرد، کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو ڕێکارییانەی دەیگرینەبەر داهاتوویەکی باشیان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەتایبەت ڕێکارە یاساییەکان، سیاسییەکان، هەروەها پەرلەمانیش دەتوانێت یاسا دەربکات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و حکوومەتیش ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات.

 تۆماس سیلە، ڕاشیگەیاند: ئێمە زۆر بایەخ بەوە دەدەین کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی فرەلایەن و فرەچەشن بێت، پەرلەمان و حکوومەت و لایەنەکانی دیکەش پێکەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی کێشەکان پێکەوە چارە بکەین و بتوانین پێشکەوتن بەدەست بهێنین.

Fly Erbil Advertisment