كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا ده‌ستیپێكرد
ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی هه‌ردوولا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
كه‌مێك پێش ئێستا "مه‌سعود بارزانی" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ڕه‌نسا و له‌لایه‌ن "ژان ئییف لۆدریان" وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا پێشوازیلێكرا، و پاش كه‌مێكی دیكه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بارزانی و لۆدریان ده‌ستپێده‌كات.
پاش ئه‌وه‌ی سه‌رله ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چه‌ندین دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای فه‌ڕه‌نسا گه‌یشته ئه‌و وڵاته،ئێستا له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا له كۆبوونه‌وه‌دان و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان،په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و پرسی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ و شه‌ڕی دژی داعش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها بڕیاره سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا "فڕانسوا ئۆلاند" كۆببێته‌وه و له‌و دیداره‌شدا چه‌ندین پرس و بابه‌تی گرنگ تاوتوووێ بكرێن، به‌تایبه‌تی كه فه‌ڕه‌نسا به‌شدارێكی سه‌ره‌كییه له هاوپه‌یمانییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و هه‌ر دوولا له‌باره‌ی هاوكارییه‌كان و پێكه‌وه جه‌نگان دژی ئه‌و گروپه گفتوگۆ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نساش پێشوازی له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئه‌م پێشوازییه‌ش له ئاستی پێگه‌ی سه‌رۆكی وڵاتاندایه و هه‌ر سه‌رۆكێكی وڵاتان كه ده‌چنه پاریس، یه‌كێك له به‌رنامه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسادا ده‌بێت.
فه‌ڕه‌نسا له‌مێژه وه‌ك وڵاتێكی دۆستی كورد ناسراوه و سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش یه‌كه‌م سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره و كاریگه‌ری جیهان بوو، كه له مانگی ئه‌یلولی 2014 دا به فه‌رمی هاته هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێكرا.