کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی ڕۆژنامەگەریی عێراق: ڕێگریی لە تیمی کوردستان24 سەرکۆنە دەکەین

کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی ڕۆژنامەگەریی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ڕێگریی تیمی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە تیمی کوردستان24 دەکات و بە "پێشێلکردنی ئازادیی دەستووری گەرەنتیکراوی کاری ڕۆژنامەوانی و مێدیایی" دەزانێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕێگریی لە تیمی مێدیایی کوردستان24، "پێشێلکارییەکی یاسایی و دەستوورییە، چونکە دەستوور ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و مێدیایی بەبێ سنووردارکردن و مەرج" گەرەنتی کردووە.
کۆمەڵەکە داوا لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات "کارئاسانی بۆ کاری ڕاگەیاندن بکەن لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و واز لە هەراسانکردنیان بهێنن و پابەندی دەستوور بن". بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانییەوە پێشوازیی لێ کرا. سەرۆککۆماری ئێران سەرەتا لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە و دواتریش لە کۆشکی حکوومی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆ بووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، تیمی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە نێو ژمارەیەک کەناڵی کوردی تەنها ڕێگریی لە کوردستان24 کرد، ڕووماڵی ڕێوڕەسمی پێشوازیی د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆشکی سەرۆکایەتیی، لە بەغدا بکات.