هێلیکۆپتەرێکی ئیسرائیل کەوتە خوارەوە 9 سەرباز کوژران و بریندار بوون

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە کەرتی غەززە، دوو سەرباز گیانیان سپارد و حەوت سەربازی دیکەش برینداربوون.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدەرعی، لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "شەوی ڕابردوو، هێلیکۆپتەرێکی یانچۆفی هێزی ئاسمانی، کە هەوڵی گواستنەوەی سەربازێکی برینداری دەدا، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەیەک، لە کاتی نیشتنەوەیدا لە ناوچەی ڕەفەح کەوتە خوارەوە".

ئەدەرعی ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەرکەوتووە کە کەوتنەخوارەوەکە بەهۆی نەیارەکانەوە نەبووە، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە بەردەوامە. هیچ گۆڕانکارییەک لە چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکانی هێزی ئاسمانی نەکراوە".

گوتەبێژەکە باسی لەوەش کرد، "لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا، دوو سەربازی ئیسرائیل گیانیان سپارد و حەوت سەربازی دیکە بە پلەی جیاواز برینداربوون، هەروەها گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پزیشکی وەربگرن".