دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: چەکدارانی لەیاسا دەرچوو چوار منداڵ دەڕفێنن

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

لەڕێگای کەمپی شاریا ڕێگریی لە خانەوادەیەک دەکرێت و چوار منداڵیان لێ دەڕفێندرێت، لەبەرامبەر ئەوەدا، دەستەی مافی مرۆڤ داوای ڕێکاریی ئەمنی و یاسایی توند لەو ناوچانە دەکات.

چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی ڕفاندنی چوار منداڵ لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە ڕێگەی کەمپی شاریا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت:

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵێک لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە ئافرەتێک لەبەردەم دادگای هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: چوار منداڵی لەلایەن چەند کەسێکی چەکدارەوە لەڕێگای کەمپی شاریا ڕفێنراون.

دەستەکە ئەماژە بەوە دەکات، بۆ ئەومەبەستە لەسەر فەرمانی سەرۆکی دەستەکە لەڕێگەی تیمی تایبەتەوە، دەستیان کردووە بە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکە و پەیوەندی کردن، دەرکەوت کە ئەو خێزانە خۆیان ئاوارەی سنووری شنگالن، ئێستا لەگوندێکی سنوری شاری کۆیە دەژین، لەڕۆژی 5ـی  ئەیلوول سەردانی شاری دهۆکیان کردووە، لەکاتی گەڕانەوەیان چەند کەسێکی چەکداری لە یاسا دەرچوو، لەڕێگای کەمپی شاریا ڕێگەیان لێ دەگرن کە چەکدارەکان خەڵکی هەمان ناوچەکەی خۆیانن لەسنوری شنگال،  چوار لە منداڵەکانی دەبەن وبەبارمتەیان دەگرن، لەبەرامبەر ئازاد کردنیان داوای پارەو ئیمزاکردنی بەڵگەنامەیان لێ دەکەن.

دەڵێت: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە نامرۆییە دەکات و داوا  لەدەزگا یاسایی و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکات، ڕێکاری ئەمنی پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەو ڕادەست کردنیان بەدادگا و وەرگرتنی سزای خۆیان.

دەشڵێت: داوا لە هەموولایەک دەکەین، کێشەکانیان لەڕێگەی دادگاوە چارە بکەن نەک پەنا بۆ ڕەفتاری بەم شێوەیە نامرۆییە ببەن، ئێمەش لەنزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکەین.