بلینکن: ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیی و سەرخستنی ئۆکرانیا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتنە پایتەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە و وەزیری دەرەوە کۆبوونەوە. ئەو سەردانە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا لە جەنگی دژی ڕووسیا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تەنیش وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا و بەریتانیا، قسەی بۆ ڕاگەیاندنەکان کرد و پاکێجێکی هاوکاریی بە بڕی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا بە پاکێجی نوێ و مزگێنی دڵخۆشکەرەوە گەیشتنە کیێڤ.

لە دوای کۆبوونەوەیەکی چڕ و پڕ لەگەڵ ئۆکرانییا، ئەنتۆنی بلینکن پاکێجێکی نوێی بە بڕی زیاتر 700 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی مرۆیی و بۆ کەرتی وزەی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

بلینکن قسەکانی ئاڕاستەی سەرۆکی ڕووسیا و گوتی، ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیی و سەرخستنی ئۆکرانیا لەم جەنگەدا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتیشی: ئەمەریکا و بەریتانیا یەکگرتوون لە پشتیوانیی ئۆکرانیا و سەرکەوتنیدا. پەیامی بەکۆمەڵمان بۆ پۆتن ڕوونە. پشتیوانییەکانمان کەم نابێتەوە و یەکڕیزیمان پەرتەوازە نابێت.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا جەختیکردەوە، بەبێ گەڕانەوەی سەروەری بۆ خاکی ئۆکرانیا، بەرپابوونی ئاشتی مەحاڵە.

ئاندری سیبها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا: ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام بەبێ گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بە کریمیاشەوە مەحاڵە. کریمیا بەشێکە لە ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا لە حاڵەتی بەرگریکردنەوە چووەتە قۆناغی هێرشکردنە نێو خاکی ڕووسیا.

هەربۆیە، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەردەوام داوای مووشەکی دوور مەودا لە هاوپەیمانەکانی دەکات، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە نێو خاکی ڕووسیا بپێکێت.

لای خۆیەوە زێلێنسکی دووپاتی کردەوە، بۆ سەرکەوتن ئۆکرانیا لەم جەنگەکەدا پشت بە ئەمەریکا دەبەستێت.

ڕۆژی 24ـی شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری هەرێمی دۆنباسی کۆنترۆڵ کرد، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام لە هێرشێکی پێچەوانەدا ڕۆژی 6 ی ئابی 2024، هێزەکانی ئۆکراینا ژمارەیەک گوند و شارۆچکەیان لە پارێزگای کورسکی ڕووسیا کۆنترۆڵ کردووە، ئەم پێشڕەوییەی ئۆکراینا، ترسی خستووەتە دڵی ڕووسەکانەوە، چونکە وێستگەی ئەتۆمی کورسک، ڕاستەوخۆ لە ژێر هەڕەشەی هێزەکانی ئۆکراینا و وڵاتانی بیانیدایە.