عێراق.. ڕەشنووسی یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ڕێگری کردنە نەک ئاسانکاری بۆ ڕۆژنامەنووسان

گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا

ڕەشنووسی یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان لە پەرلەمانی عێراقەو چاوەڕێ دەکرێت لەداهاتوویەکی نزیکدا پەسەند بکرێت.

لای خۆیانەوە ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی ناحکوومی نامەیەکی کراوە ئاراستەی پەرلەمان دەکەن و داوا دەکەن، ڕەشنووسەکە بەبێ ئەوان پەسەند نەکرێت بەو پێیەی بڕگەو ماددەی مەترسیداری لە خۆگرتووە، ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان لە ئاشکراکردنی گەندەڵی بێبەش دەکات.

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ناحکوومی و ڕۆژنامەنووسان لەنامەیەکی کراوەدا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەن پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بکەنەوە کە لە 3ـی ئابی ئەمساڵ خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، داواش دەکەن یاساکە بەشێوەیەک بێت کە ڕۆژنامەنووسان بەگشتی بتوانێت لەسەر کارەکانی حکومەت چاودێر بێت.

لەوبارەیەوە وەسام جەعفەر، سەرۆکی ڕێکخراوی گەیاندن ڕایدەگەیەنێت ڕەشنووسی یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بڕگە و ماددەی مەترسیداری لەخۆگرتووە کە دەبێتە هۆی شێواندنی بنەماکانی دیموکراسی و هاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکان بێبەش دەکات لە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی. باس لەوەش دەکات ئێستە حکوومەت بە پاساوی ئاسایشی دەوڵەت و ئاسایشی ئابووری ڕێگەنادات ڕۆژنامەنووسان دەستییان بە کۆنووسی کۆبوونەوەکان بگات بە پەسەندکردنی ڕەشنووسەکە دەستگەیشتن پێیان مەحاڵ دەبێت. دەشڵێت؛ ئەم ڕەشنووسە دەسەڵاتی هەڵبژاردن دەداتە هەموو بەڕێوەبەرێکی گشتیی بۆ پۆڵێنکردنی بەڵگەنامەکان بەبێ پێوەر و هێشتنەوەیان بە نهێنی.

لەوبارەیەوە هادی سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: لە خوێندنەوەی داهاتوو بۆ پڕۆژە یاساکە، سەرنجی هاووڵاتییان و سەندیکاکان و ڕۆژنامەنووسان وەردەگرین، دووپاتیشی دەکاتەوە لەماوەی ئەم خوولەی پەرلەماندا یاساکە دەردەکرێت.

لای خۆیەوە حەبیب قوڕەشی، شارەزای بواری یاسایی ڕایدەگەیەنێت ڕەشنووسی یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە عێراق ڕێگری کردنە لە زانیاری نەک ئاسانکاری دەشڵێت: بە پەسەندکردنی ئەو ڕەشنووسەی ئێستە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی زیندانیکردن دەبنەوە، دووپاتیشی دەکاتەوە پەسەندکردنی ئەو ڕەشنووسە دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە ڕیزبەندی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا پاشەکشێ بکات.

بەگوێرەی بۆچوونی ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامەنووسان ڕەشنووسەکە ژمارەیەک بڕگە و ماددەی لە خۆگرتووە کە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن لە زانیارییەکان دەکات، هەروەها دەسەڵات بە بەرپرسان دەدات بە هەڵبژاردنی خۆیان پۆڵێنکاری بە زانیارییەکان بکەن و بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی بهێڵنەوە، دەشڵێن بە پەسەندکردنی ئازادییەکان بەرتەسک دەبنەوە کە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی دەستوور و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.

داواش دەکەن بۆ دڵنیابوون لە گونجانی پڕۆژەکە، چاوخشاندنەوە بە ڕەشنووسی یاساکە بکرێت و ڕاوێژی فراوان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان بکرێت.

Fly Erbil Advertisment