لە یەمەن بەهۆی جەنگەوە هەزاران قوتابی بێبەشن لە خوێندن

بەهۆی جەنگەوە هەزاران قوتابخانەی یەمەن لە خزمەتکردن وەستان و منداڵانی یەمەن لەژێر درەخەتەکاندا ساڵی نوێی خوێندنیان دەستپێکرد.
منداڵان لەخوێندنی ژێر درەختەکان بێزارن، چونکە تیشکی هەتاو بێزاریان دەکات و کەرەستەی خوێندنیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ناچارن درێژە بەخوێندن بدەن، چونکە گەر وانەکەن داهاتوویان لەناودەچێت.
لەناو ئارامگەی مردووەکاندا، هەولێ بۆ مانەوە لەژیان دەدەن، دراوسێی گۆڕەکانن و لەژێر درەختەکاندا لە نزیک پارێزگای تەعز، دەیان قوتابی قۆناغە سەرەتاییەکان لەگەڵ مامۆستاکانیان بۆ فێربوون کۆدەبنەوە.
قووتابیەک بە کوردستان24 دەڵێت: ئێمە لێرە ماندووبووین، ناتوانین دابنیشین و بخوێنینەوە. لەژێر درەختەکاندا دەخوێنین، زوو زوو با دێت و کەشەکەمان لێتێکدەدات، هەروەها توشی نەخۆشی دەبین، تیشکی بەهێزی خۆریش ئازارمان دەداتت.
مامۆستایەکی ئەو قوتابیانەش ڕایگەیاند، یەکەم شت کە قوتابی یەمەنی پێویستی بێت بریتییە لە پۆلی خوێندن، کە ئێمە بەداخەوە نیمانە. قوتابییەکان پێویستیان بە کتێب و مامۆستای تایبەتە، هەروەها کەشێکیش کە بتوانن تیایدا بخوێنن.
ڕەنگە دوور لەم قوتابیانە و لە شوێنی دیکە، قوتابی هەبێت لەناو پۆلەکاندا سەرقاڵی خوێندن بن. بەڵام بەشێکی زۆری قوتابخانەکان کورسی و مێزیان تێدا نییە، ئەگەر هەشبێت بەشی ئەو ژمارە زۆری قوتابی ناکات. بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار قوتابی لە قوتابخانەی قەرەباڵغدا درێژە بەخوێندن دەدەن. ئەمە دۆخی ناسەقامگیریی قوتابیانی یەمەنە. کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتوو و ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابییەکان هەبێت.
لەماوەی ساڵانی جەنگ و وێرانکاری و ململانێدا، نزیکەی سێ هەزار قوتابخانە لەیەمەن لە خزمەتکردن وەستاون، وە ناتوانن قوتابی وەربگرن. ئەمەش وایکردووە بارێکی قورستر بچێتە سەر شانی قوتابخانەکانی دیکە. هەروەها هەلی بەردەم منداڵان کەمببێتەوە، چاودێرانیش هۆشدارییدەدەن لەوەی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لەداهاتوودا دەردەکەون.