ئەمەریکا فڕۆکەی ئێف35 بە ڕۆمانیا دەفرۆشێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕەزامەندیان داوە لەسەر گرێبەستێک کە بە هاکەی 7.2 ملیار دۆلارە بۆ فرۆشتنی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف35 بە ڕۆمانیا، کە یەکێکە لە وڵاتە ئەندامەکانی هاوپەیمانی ناتۆ.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گرێبەستەکە، کە 32 فڕۆکەی ئێف 35 لە خۆ دەگرێت، پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێس هەیە، بۆ ئەوەی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، .
هەروەها ئاماژەی داوە، ڕێککەوتنەکە پشتگیریی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی دەکات لە ڕێگەی باشترکردنی ئاسایشی هاوپەیمانێکی ناتۆ کە هێزێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی لە ئەورووپا.
ڕاگەیاندنی گرێبەستەکەی واشنتن و بوخارست لە کاتێکدایە کە فڕۆکەوانانی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا لە ناوەندێکی سەربازی لە ڕۆمانیا لەسەر فڕۆکەی ئێف16 دەست بە مەشق و ڕاهێنان دەکەن کە واشنتن ڕازی بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕووسیا بە هێزەکانی ئۆکرانیای بدات.
ڕۆمانیا لە تشرینی دووەمی 2023 لە بنکەی ئاسمانی ڤێشتی ناوەندێکی مەشقی بۆ هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی کردەوە کە ڕاهێنانیان لەسەر فڕۆکەی ئێف16 کرد، بڕیارە هەر لەو ناوەندە مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکانیش بکات.
پێنجشەممەی 12ی ئەیلوولی 2024، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ لومینێتا ئۆدوبێسکۆ وەزیری دەرەوەی ڕۆمانیا کۆبووەوە و سوپاسی بوخارستی کرد بەرانبەر بە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی سوپای ڕووسیا.