بەغدا چۆن پێشوازیی لە کریستیانۆ ڕۆنالدۆ دەکات
دووشەممە، 16ـی ئەیلولی 2024 رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ وەرزشدۆستانی عێراق، بڕیارە لەم ڕۆژە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژوو، لەگەڵ یانەی نەسری سعوودی، بە مەبەستی ڕووبەرووبونەوەی یانەی شورتە، گەشتی شاری بەغدا پایتەختی عێراق بکات.
هەردوو یانەی شورتەی عێراقی و نەسری سعوودی، لە گەڕی یەکەمی قۆناغی یەکەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا لە یاریگای شەعب لە شاری بەغدا ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. ئەو یارییە سەرەتا بڕیار وابوو لە شاری کەربەلا بکرێت، بەڵام لەسەر داوای یانە سعوودیەکە، ئەو یارییە بۆ شاری بەغدا گواسترایەوە.
هاندەرە عێراقیەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێ هاتنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بۆ وڵاتەکەیان دەکەن و خواستێکی زۆریش لەسەر بلیتی یارییەکە هەیە، بە جۆرێک وای لێهاتووە بلیتی ئەو یارییە بە نرخێکی خەیاڵیش دەست ناکەوێت و هاندەران ئامادەن، لە پێناو بینینی یاریزانە پۆرتوگاڵیەکە پارەیەکی خەیاڵی بۆ کڕینی بلیتی یارییەکە خەرج بکەن.
مێدیا عێراقییەکان ئامادەکاریی باشیان کردووە و دەیانەوێت هەر لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکەی یانەی نەسری سعوودی، تاوەکو ئەو کاتەی دەگەرێنەوە وڵاتەکەیان، ڕووماڵێکی بەرفراوان بکەن. هەروەها بڕیارە یەکێک لە کەناڵە دیارەکان بە تایبەت ڕووماڵی دیمەنەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریگا بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی یەکشەممە شاندی یانەی نەسری سعوودی بگاتە بەغدا و پاشان بەرەو هۆتێل ڕەشید بەڕێ دەکەون، دواتر بە مەبەستی یەکەیەکی مەشق و راهێنان کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و هاوڕێکانی، سەردانی یاریگای شەعب دەکەن.
پێشتر کوردستان24 ئاشکرای کردووە، یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ دڵشاد ئەحمەد ڕاهێنەر و شرۆڤەکاریی تۆپی پێ مۆر کرد.
دڵشاد ئەحمەد شرۆڤەکاریی وەرزشیی پێشووی کوردستان24 بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و لەمەودوا شیکاریی و خوێندنەوەی یارییەکان بۆ یانەی شورتە دەکات و یانەکەی بەغدا دەیەوێت لەڕێگەی ئەم کوڕە کوردەوە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی تیپی بەرامبەر ئاشکرا بکات.