رووماڵ

کۆمیسیۆن ڕێنماییەکانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە نابێت بەدەر لە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بانگەشەی خۆیان بکەن ئەگینا تووشی لێپێچینەوە دەبن.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی ئەیلوولی 2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێنمایی تایبەتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە و پاڵوێراوانی هەڵبژاردنیش ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێت پابەند بن بە ڕێنماییەکان، بە پێچەوانەوە تووشی لێپێچینەوە دەبن.

هەر ئەمڕۆ دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بابەتی بانگەشە لیستی کاندیدەکان پەسەند نەکراوە، بەو هۆیەوە تاوەکوو ئێستە وادە بۆ بانگەشە دیاری نەکراوە.

گوتیشی: بەپێی یاسا، پێویستە لیستی کاندیدان دوای ئەوەی وردبینیان بۆ دەکرێت، بەپێی ئەو مەرجانەی کە یاسا دایناوە وردبینی بکرێت، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پشتڕاستی دەکاتەوە بڕیاری لەسەر دەدات کە لیستەکە لیستێکی باوەڕپێکراوە ئەمانە کاندیدن بۆ هەڵبژادنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان دەست کوردستان24 کەوتووە، ڕۆژی سێشەممە 17ـی ئەیلوول کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە بۆئەوەی ناوی کاندیدەکان پەسند بکات.

لای خۆیەوە مەڕوان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.

مەروان محەممەد گوتیشی: دوو  کاندید کێشەیان هەیە لەم دوو ڕۆژەدا دەبێت کێشەکانیان چارە بکرێ یان لایەنەکانیان کەسی دیکە لە جێگەیان دابنێن، دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان ڕاستەوخۆ دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.

بەپێی وادەی دیاریکراو بڕیارە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تاوەکوو ئێستە لیست و ناوی کاندیدانی پارتە سیاسی و سەربەخۆکان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق یەکلایی نەکراوەتەوە.

هەروەها بەپێی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 685 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.

1
2
3
4
5
6
7
8
9
10