ئیحسان چوبان: هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق لێدانە لە مافی هەموو پێکهاتەکان

ئیحسان چوبان خه‌لیل، جێگری سه‌رۆكی سابیئه‌ی مه‌ندائی
ئیحسان چوبان خه‌لیل، جێگری سه‌رۆكی سابیئه‌ی مه‌ندائی

K24 – هەولێر:

جێگری سه‌رۆكی سابیئه‌ی مه‌ندائی، دەڵێت: ئەگەر یاسای باری کەسێتی لە عێراق هەموار بکرێتەوە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کارەسات بخولقێت و ئەنجامەکەی باش نابێت.

ئیحسان چوبان خه‌لیل، جێگری سه‌رۆكی سابیئه‌ی مه‌ندائی، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسێتی سوکایەتییە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، هەروەها لێدانە لە مافی هەموو پێکهاتەکان.

جێگری سه‌رۆكی سابیئه‌ی مه‌ندائی، باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کارەسات بخولقێت و ئەنجامەکەی باش نابێت.

گوتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەبارەی هەموارەکە هەڵوێستێکی باشی نابێت، هەروەها جێگەی شەرمەزارییە بۆ عێراق ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.

شەقامی عێراقی ماوەی دوو مانگە دژی هەمواری یاسای باری کەسی خرۆشاوە و ڕێکخراوەکان دەیان جۆر چالاکییان کردووە تاوەکوو کۆدەنگی دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕێگا نەدن یاساکە پەسەند بکرێت کە هاوسەرگیریی کاتی ڕێگا پێدراوبێت و کچی تەمەن 9ساڵ بە شوو بدرێت و حەقی بەخێوکردنی منداڵی کۆرپە بدرێت بە باوک و هەروەها پێشەکی و کۆتایی مارەیی لە زەماوەنددا هەڵگیرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی دیكە کە وا دەکات مەزهەبی جەعفەری لە یاساکەدا زاڵ بێت.

لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسێتی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی حامۆرابی یاساکە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەم هەموارە هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی یاسا بە بناغەی تایەفەگەری و شەرعیەتدانە بە لێکترازانی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستوورە و  پەیوەندکردنی یاساکە بە ئەنجوومەنەکانی فەتوای سوننە و شیعە  پێچەوانەی ماددەکانی 19-87-88ـی  دەستوورە و هەڕەشە لەیەکڕیزی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکات.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات هەمواری یاساکە بەگوێرەی ماددەی 2 بڕگەی "ب" پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و، پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.