لیوا مەحمود: رۆناڵدۆ گەشتی عێراق دەکات
سەرەڕای ئەوەی یانەی نەسڕی سعوودی بەفەرمی هەواڵی گەشت نەکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەکەیان بۆ بەغدا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بەرپرسی یەکەمی ئاسایش لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بڕوای بەم هەواڵە نیە و پێیوایە کریستیانۆ بە جیا گەشتی عێراق دەکات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رابیعەی وەرزشی وڵاتەکەی، لیوا مەحمود ئەبو ئەلتمن بەرپرسی یەکەمی ئاسایش لە فێدراسیۆنی تۆپی پێ عێراق، لەبارەی هەواڵی نەهاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ وڵاتەکەیان دەڵێت '' ئێمە پێشوەختە رێککەوتنمان لەگەڵ لایەنە سعوودییەکان کردووە و لەسەر ئەوە رێککەوتوین کە هاتنی رۆناڵدۆ بۆ وڵاتەکەیان هیچ کێشەیەکی نیە ''.
ئەو بەرپرسە عێراقیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' راستە یانەی نەسڕ بەیاننامەیەکی فەرمی لەسەر نەهاتنی رۆناڵدۆ بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەمە تەنها فریودانی هاندەرانە، لەبەر ئەوەی ئێمە رێککەوتنمان هەیە کە رۆناڵدۆ گەشتی بەغدا بکات ''.
لەلایەکی دیکەوە لیوا مەحمود بەرپرسی ئاسایش لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، رۆناڵدۆ بەهۆی ترس لە هاندەرەکان و هەروەها ئەو قەڵەبالغیەی کە دروستبووە گەشتی بەغدای هەڵوەشاندبێتەوە و دەشڵێت ئەوان لەو بڕوایەدا یاریزانە پۆرتوگاڵیەکە دێتە عێراق.