شانۆگەریی "ڕووی ئازادی" نمایش کرا
لەشاری کۆڵنی ئەڵمانیا، لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، کۆمەڵێک لە ئازادیخوازان لە شەقامێکی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بۆ یادی ئەو ڕووداوە کۆبوونەوە و نمایشێکی هونەرییان پێشکەش کرد.
کەژان ئەسەدی، ئامادەکاری ئەو نمایشە هونەرییە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە هێمای ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانە بوو کە لە دوای مردنی ژینا کە بەناحەق کوژرا دەستی پێ کرد، تا ئێستایش ژینا وەکو یەکێک لە سیمبولەکانی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و هەڵاواردن لە جیهاندا ناسراوە.
گوتیشی: لەم کۆبونەوەیەدا نمایشێکی هونەریمان پێشکەش کرد بە ناوی "ڕووی ئازادی"، ئەم نمایشە بۆ تیشک خستنە سەر چەمکی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی ستەم دانرابوو، ڕووخساری ئازادی نەک هەر وەبیرهێنانەوەی خەباتەکانی ڕابردوو بوو، بەڵکو پەیامێکیشی بۆ داهاتوو هەبوو، کە خەبات بۆ ئازادی هەرگیز ناوەستێت و ڕووخساری ڕاستەقینەی ئازادی هەمیشە لە دڵی خەڵکدا زیندووە.