شێڵتەرێکی ئافرەتان لە ئیدارەی ڕاپەڕین کرایەوە

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، لە ئیدارەی ڕاپەڕین شێڵتەری ئافرەتانی هەڕەشەلێکراومان کردەوە چونکە هەندێک جار کێشەی بچووک ڕوو دەدات، ئەوکات ئەکرێت توێژەرەکانمان کێشەکە چارە بکات بەبێ ئەوەی پەنا ببرێتە بەر دادگا.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراومان کردەوە، دواتر بەشی دووەمی دایەنگەی ڕانیەمان کردەوە کە نۆژەنمان کردووەتەوە، پاشان لە قەڵادزێ سەنتەری چالاکی و پاراستنی منداڵانمان کە نۆژەن کردووەتەوە، دەکەینەوە.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بۆیە بایەخمان بە کردنەوەی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان داوە، چونکە هەندێک جار کێشەی بچووک لە نێوان کچ و باوک، خوشک و برا و هاوسەران ڕوو دەدات، ئەوکات دەکرێت توێژەرەکانمان کێشەکە چارە بکەن، بەبێ ئەوەی پەنا ببرێتە بەر دادگا.

ڕاشیگەیاند، لەکاتی چارەکردنی کێشەکە ئەگەر پێویستی کرد ئەو کەسەی کێشەی هەیە، یەک دوو ڕۆژیش بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەبرێتە دادگا، تاوەکو کێشکەیان چارە بکرێت، دەشڵێت بە گوژمەی 26 ملیۆن دینار ئەو شێڵتەرەمان دروس کردووە، هەروەها 10 فەرمانبەر و هەشت پاسەوانمان بۆ دامەزراندووە. ئێمە لێرە ئەو ئافرەتانە ئەپارێزین و کێشەکانیان چارە دەکەین.    

کوێستان محەممەد، باسی لەوەش کرد، بەشی دووەمی دایەنگەی ڕانیەمان نۆژەن کردووەتەوە، کە هیواداربووین بیکەینە سەنتەری ئۆتیزم، گوتیشی: پێشتر بەشی هەرە زۆری سەنتەرەکانی چالاکی و پاراستنی منداڵان لە خانەقین و تا زاخۆ، داخرابوون و درابوونە چەند وەزارەتێکی دیکە، بەڵام ئێستا زۆربەمان وەرگرتووەتەوە و هەموومان کردووەتەوە. ئێستا لە زۆربەی قەزاکان و شارەکان سەنتەری چالاکی و پاراستنی منداڵانمان کردووەتەوە.