پێشەوا بارزان: بەهۆی ئەو پرۆژانە چیدیکە دەست بۆ ئاوی ژێر زەوی نابەین

بەرپرسی یەکەی جەی ئای سی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆر بە کەرتی ئاو دراوە، پێشکەوتنەکانیش تەنیا لە ژمارەی پرۆژەکان نییە، بەڵکو لە کوالیتیی گەشەیان کردووە.

ئەندازیار پێشەوا بارزان، بەرپرسی یەکەی جەی ئای سی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵکەوتەی شاری هەولێر دەکەوێتە نێوان زێی گەورە و زێی بچووک، ئەوەش دەمانگەیەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، چونکە پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستین، کە ئەوە ڕێگەیەکی دروست و زانستییە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.

ئەندازیار پێشەوا بارزان گوتیشی: بەهۆی ئەو پرۆژانە چیدیکە دەست بۆ ئاوی ژێر زەوی نابەین، واتە ئاوی ئاوی ژێرزەویمان پارێزراو دەبێت، چونکە شاری هەولێر بەهۆی ئەو دوو زێیە داهاتی ئاوی زۆرە.

باسی لەوەش کرد "ئەو پرۆژەیە زۆر هاوکارە، چونکە ئەو ئاوەی لە خەزانەکانی ئاوی ژێر زەوی کۆبووەتەوە ئەوە بە ڕۆژێک و دووڕۆژ کۆ نەبووەتەوە، بەڵکو ملیۆنان ساڵی پێ چووە، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە ئاوی سەرزەوی بەکار بهێنین، ئەو سامانەی ژێر زەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو هەڵبگرین".

ئەو ئەندازیارە ڕاشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی زۆر بە کەرتی ئاو دراوە، پێشکەوتنەکانیش تەنیا لە ژمارەی پرۆژەکان نییە، بەڵکو لە کوالیتیی پرۆژەکانیش گەشەیان کردووە. بۆ نموونە ئێمە تەنیا پرۆژەی گلدانەوەی ئاومان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو بەربەستمان دروست کردووە بۆ زیندووکردنەوەی کانیاوەکان، کە لەکاتی باراندا بۆ عەمبارەکانی ژێر زەوی ئاراستەی دەکەین، ئەمەش بۆ بووژانەوەی کانی و بیرەکانە.

سێشەممە، 17-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە، گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: چەند ڕۆژێک لەمەبەر بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێرماندانا ئەم پرۆژەیەش تەواوکاری هەمان پرۆژەیە و ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی قوشتەپە و دەوروبەری دابین دەکات، کە لایەنی کەم بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو کێشەی کەمئاوی لەم سنوورە چارە دەکات.

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "مەترسییەکانی کەمئاوی لە سنووری قوشتەپە هێندە زیاد ببوو کە مەترسی چۆڵبوونی هەندێک گوند دەکرا، بەشێکی زۆری بیرە ئاوەکانی دەڤەرەکەش کە لە قوڵترین بیرەکان بوون، بەهۆی کەم ئاوییەوە وشک بوون، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی".

Fly Erbil Advertisment