مەسرور بارزانی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە تاوەکوو 20 ساڵی داهاتوو کێشەی کەم ئاوی چارە دەکات
مەسرور بارزانی: هەنگاو بە هەنگاو کار دەکەین بۆ ئەوەی کێشەیەک بە ناوی ئاو و کارەبا لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "هەنگاو بە هەنگاو کار دەکەین چی دیکە کێشەیەک بە ناوی ئاو و کارەبا لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت".
سێشەممە، 17-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ئاوی قوشتەپە، گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێرماندانا ئەم پرۆژەیەش تەواوکاری هەمان پرۆژەیە و ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی قوشتەپە و دەوروبەری دابین دەکات، کە لایەنی کەم بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو کێشەی کەمئاوی لەم سنوورە چارە دەکات.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "مەترسییەکانی کەمئاوی لە سنووری قوشتەپە هێندە زیاد ببوو کە مەترسی چۆڵبوونی هەندێک گوند دەکرا، بەشێکی زۆری بیرە ئاوەکانی دەڤەرەکەش کە لە قوڵترین بیرەکان بوون، بەهۆی کەم ئاوییەوە وشک بوون، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی".
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە بایەخ و ستراتیجییەتی پرۆژەکە دا و باسی لەوە کرد: بە تەواوی بوونی ئەم پرۆژەیە و گەیشتنی ئاو بە سەرتاسەری دەڤەرەکە، چیتر پێویستی بە بیرەکان بامێنێت، هەروەها بە دروستکردنی چەندین پۆندی دیکەی گلدانەوەی ئاو، سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی لەم دەڤەرە دەبووژێنینەوە و مەترسییەکانی وشکەساڵی کەمتر دەبنەوە.
وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی کرد، "دەڤەری قوشتەپە و خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەم ناوچەیەک شایستەی هەموو خزمەتێکن، ئەم دەڤەرە بە ڕێز و دڵسۆزی و میهرەبانییەکی زۆرەوە، ژن و منداڵ و خانەوادەی زۆرێک لەو بارزانیانەیان لەخۆ گرت کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنفال کران. ئەم هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەی قوشتەپە و هەولێر و دەوروبەری هەمیشە جێگەی تەقدیر و پێزانینە".
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگی دەڤەری قوشتەپە کرد و گوتی"زەمینەیەکی لەباری هەیە بۆ پێشکەوتن، لە ڕووی کشتووکاڵ و پیشەسازی و سامانی ئاو، هەربۆیە یەکێکە لەو شوێنانەی کە پلان و بەرنامەکانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بەخوا دەبێتە یەکێک لە دەڤەرە پێشکەوتووەکانی کوردستان، پێویستە هەرچی زووە پارێزگای هەولێر و قەزای قوشتەپە و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕێکاری ئیداری باشتر بگرنەبەر بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم دەڤەرە، لە هەموو ڕووێکەوە بۆ ئەوەی خزمەتێکی باشتری دەڤەرەکە بکرێت، تاوەکوو ئاستی ئەم دەڤەرە لەڕووی هاتوچۆ، پاکوخاوێنی و سیمای شار و ڕێگەوبانەکان باشتر ببێت".
هەروەها ئاماژەی بە کێشەی کارەبا کرد و گوتی: خۆتان بینیتان هێشتا کێشەی کارەبای کێشەیەکی بەردەوامی هەموو کوردستانە، هەربۆیە لە بەرنامەمان دایە چارە گونجاو بۆ کێشەی کارەبای هەولێر و دەوروبەر و هەموو شارو شارۆچەکەکانی کوردستان دەدۆزینەوە، هەنگاو بە هەنگاو وادەکەین چیتر کێشەیەک بە ناوی ئاو و کارەبا لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت.
نوێ دەکرێتەوە...