نادیە موراد وەک باڵیۆزی نیازپاکی دەستی کێشایەوە

نادیە موراد
نادیە موراد

نادیە موراد وەک وەک باڵیۆزی نیازپاکی دەستی کێشایەوە و دەڵێت: بەردەوام دەبم لە داکۆکیکردن لە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ، کەرامەتی ڕزگاربووان و مافەکانی ئافرەتان.

نادیە موراد، ڕزگاربووی جینۆسایدی ئێزیدییەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی،  وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی ڕزگاربووانی بازرگانی بە مرۆڤ، لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی  ڕاگەیاند.

نادیە موراد لە لێدوانێکی تایبەتدا دوای دەست لەکارکێشانەوەکەی گوتی: "من شەرەفمەند بووم کە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا وەک یەکەم باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی ڕزگاربووانی بازرگانی بە مرۆڤ لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) خزمەت بکەم کە تیشک دەخاتە سەر کێشەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و توندوتیژی سێکسی، نادیە موراد دەڵێت: لەکاتێکدا بڕیارم داوە واز لەم ڕۆڵە بهێنم، بەڵام بەردەوام دەبم لە داکۆکیکردن لە دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ، کەرامەتی ڕزگاربووان و مافەکانی ئافرەتان."

نادیە موراد سوپاسی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان کرد بۆ پشتیوانی و پابەندبوونی بەردەوامی بۆ بنبڕکردنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ،  جەختی لەوەش کردەوە کە، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و بەرگریکردن لە ڕزگاربووان و ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا.

Fly Erbil Advertisment