ئەڵمانیا پێشمەرگە لەسەر وەڵامدانەوەی پرۆپاگەندە ڕادەهێنێت
ڕاوێژکارانی میدیایی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە لەسەر وەڵامدانەوی پرۆپاگەندە ڕادەهێنن.
سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، لە هۆڵی سەنتەری میدیای پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاری نیشتمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، سمینارێکی تایبەتیان لەسەر پڕوپاگەندە بەڕێوەبرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتە، سمینارەکە بەئامادەبوونی بەڕێوبەر و جێگری بەڕێوبەری هۆشیاری نیشتمانی دەستیپێکرد و 10 ئەفسەر و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی تیایدا بەشداربوون، لەلایەن کاپتن سارا ڕاوێژکاری سەربازی ئەڵمانیا بۆ کاروباری میدیا و هۆشیاریی، وانەی سمینارەکە پێشکەش کرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ڕاوێژکارە ئەڵمانییە لە سیمینارەکەدا تیشکی خستەسەر هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە و چۆنێتی هەڵسەنگاندن و شیکارکردنیان.
لەبەشێکی تری بابەتەکەدا، ڕاوێژکارە ئەڵمانییەکە باسی شێوازەکانی بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەی کرد، دواتر تەوەرێکی دیکەی سمینارەکە بریتی بوو لە چالاکییەکی ڕاستەوخۆی بابەتەکە، لەمبارەیەوە فۆرمێکی تایبەت ئامادەکرا کە چەندین پرسیاری لەسەر پڕوپاگەندە لەخۆگرتبوو، بەشداربووان سەرنج و تێڕامانی خۆیان خستەڕوو.