مەریوان قەرەنی: عەقڵیەتێکی قەومی دژایەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکات

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو عەقڵیەتەی لە بەغدا دروست بووە، عەقڵیەتێکی ناوەندی و قەومییە، دژایەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکات.

سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو عەقڵیەتەی لە بەغدا دروست بووە، عەقڵیەتێکی ناوەندی و قەومییە، دژایەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکات، دەشڵێت: دروستبوونی پێشمەرگە لەسەر بڕیار و ئیرادەی گەلێک بووە نەوەک بە بڕیارێک کە بتوانن بڕیاڕەکە هەڵبووەشێننەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە بەپێی دەستوور، بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ئەو چەکانەی بۆ پێشمەرگە هاتوون، هەندێک دەنگی نەشاز و دۆڕاو لە عێراق دژی پێدانین بە پێشمەرگە، دەیانەوێت بە دژایەتی کورد بێنەوە گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵات وەربگرنەوە، پێشمەرگە بەرگریی لە هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق کرد.

مەریوان قەرەنی دەڵێت: هەر بوودجەیەک بۆ سوپای عێراق دابین بکرێت، پێویستە بۆ پێشمەرگەش بەهەمان شێوە بێت و پڕ چەک بکرێت چونکە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، گوتیشی: لە کاتێکدا حەشدی شەعبی کە لە سیستەمی بەرگریی عێراقدا نییە، چوار ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، ئەوەی بۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە، پێی ناگات، ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە پیشمەرگە ئەو چەکە دژی ئەوان بەکاربێنێت، لەوە بە هەڵەداچوون، چونکە پێشمەرگە بەرگریی لە سەروەری عێراق کردووە و چەک بۆ بەرگریی بەکاردێنێت نەوەک هێرش کردن، گوتی: پێویستە حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لەو هەموو چەکە بکات کە لە بەنداوی ئوم قەسر ماوەتەوە و نایدەن بە هێزی پێشمەرگە.