تەندروستیی گشتیی هەولێر: سەدا 70ـی نەخۆشەکانمان لە نەخۆشخانە گشتییەکان چارەسەریی وەردەگرن

د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەولێر
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، سەدا 70ـی نەخۆشانی شارەکە، بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی، سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکان دەکەن و وەکوو خۆی گوتی، "متمانەی هاووڵاتییان بە نەخۆشخانە گشتییەکان زیاتر بووە".

سێشەممە، 18-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە هەولێر دانا.

د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "نەخۆشخانەکە حکوومی و گشتی دەبێت و بێ بەرامبەر چارەسەریی پزیشکی پێشکەشی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەکات".

نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە درووست دەکرێت و 250 قەرەوێڵەوە لەخۆ دەگرێت.

‏‎لە نەخۆشخانەکەدا، پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای پزیشکی فەراهەم دەکرێت و سەرجەم چارەسەرەکانی وەک کیمیۆثێراپیی، سکانی  PET و CT وMRI، لەگەڵ چاندنی مۆخی ئێسک و وێنەگرتنی کامێرای گاما، چەندین چارەسەری دیکە تەندروستی لە بەرزترین ئاستدا بەردەست دەبێت.

 بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەولێر پێی وایە، "بە تەواوبوونی ئەم نەخۆشخانەیە، تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان چیدیکە پێویستییان بەوە نابێت بۆ وەگرتنی چارەسەری، بچنە دەرەوەی وڵات".

"کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بایەخێکی زۆری بە پێشخستنی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەریی شێرپەنجە داوە" ئەمە بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەولێر.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، "لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار بودجەی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە زیاد کراوە. هەروەها ئاست و کوالێتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیش لە نەخۆشخانە حکوومییەکان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو باشتر بوون".

وەکوو ئەوەی د. دلۆڤان محەممەد خستییە ڕوو، "زیاتر لە سەدا 70ـی نەخۆشانی شاری هەولێر، بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی، سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکان دەکەن و متمانەی هاووڵاتییان بە کەرتی گشتی بەراورد بە ڕابردوو، زیاتر بووە".

 نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە گوتەی ناوبراو، "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ئێستە بە شێوەی تاقیکاریی، کار لەسەر بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەولێر دەکات".