ڕوونکردنەوەیەک لە پارێزگاری بانکی ناوەندییەوە لەبارەی بەهای دینار
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت نابێتە پاڵنەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار.
چوارشەممە، 18-09-2024، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد؛ "بانکی ناوەندی هێندە دۆلاری لەبەردەستە کە لە ڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی و میکانزیمەکانی دیکەوە، ڕۆژانە بیخاتە بازاڕ و پرۆسەکانی بازرگانی و خواست لەسەر دۆلار پڕ بکاتەوە".
بە گوتەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، "دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەری لەسەر بەهای دینار نابێت و نابێتە پاڵنەریش بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار".
ئەم لێدوانەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کاتێکدایە، لە ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، بەهای دۆلار لە 118 هەزار دینارەوە بۆ 145 هەزار دینار بەرزکرایەوە، بەوهۆیەوە بەهای دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە 176 هەزار دینار.