شانۆگەری "کۆچ" بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە ئێران دەکات

شانۆگەری "کۆچ"
شانۆگەری "کۆچ"

گروپی شانۆی شەقامی کۆیە، وەکو تاکە گروپی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتنامەی فەرمی بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە ئێران لە شاری لاهیجان دەکات.


هونەر تاهیر، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە، دەربارەی بەشداریکردنیان لەو فێستیڤاڵە، بە کوردستا24ی ڕاگەیاند: شانۆگەری "کۆچ" لە نوسین و دەرهێنانی خۆمە و لە نواندنی پێشەوا ناسحە، د. کەیفی ئەحمەد بەڕێوەبەری شانۆیە، لەو فێستیڤاڵەدا وەکو تاکە نوێنەری گروپی شانۆیی لەهەرێمی کوردستان کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکەین.


هونەر تاهیر گوتیشی: چیرۆکی شانۆییەکەمان باس لە کۆچی بە لێشاوی هاوڵاتیان دەکات بۆ وڵاتانی ئەورووپا، کە بەداخەوە بە چەندین ڕێگەی مەترسی هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپا دەدەن و توشی دەیان کارەساتی نەخوازراو دەبنەوە و چەندان هاووڵاتی لە دەریاکاندا خنکاون  دەریاکان یاخود لە سەرما ڕەقبونەتەوە ، هەندێکیشیان تاوەکو ئێستایش بزرن.


لە فێستیڤاڵەکەدا "شانۆیی کۆچ" وەکو میوان هاوشان لەگەڵ ڕووسیا و تورکیا نمایش دەکرێت، لەگەل 31 گروپی شانۆیی و لە چەندین شاری ئێران کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا زیاتر لە 100 نمایشی شانۆگەری پێشکەش دەکرێت.