کەمال محەمەد ساڵح: 442 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەکابینەی نۆیەمدا 442 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و سەدان پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا جێبەجێ کراون.
پێنجشەممە 19ـی ئەیلوولی 2024، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ فەرمانبەرانی کارەبای سنوورەکە کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتەکە، لەو سەردانەدا وەزیری کارەبا بەدواداچوونی بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی کارەبا کرد و ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا وێڕای قەیرانی دارایی زۆرترین پڕۆژەی کارەبا لە پارێزگا و ناوچە جیاجیاکان جێبەجێ کراون.
گوتی: لە کابینەی نۆیەمدا 442 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و بڕی 1340 مێگاوات کارەبا بەرهەم هاتووە، هاوکات 61 پڕۆژەی گواستنەوەی کارەبا و سەدان پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا جێبەجێ کراون.
وەزیری کارەبا گوتیشی: بەشێکی ئەم پرۆژانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراون، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لەم سنوورە جێبەجێ دەکەین.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست بە دابەشکردنی کراوە.