لوفتهانزا ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ دەکاتەوە

K24 – هەولێر:

هێلی ئاسمانی لوفتهانزای ئەڵمانی ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب، تاران و بەیروت ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا لە پەرەسەندان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێڵی ئاسمانی لوفتهانزای ئەڵمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی دۆخی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرووپی فڕۆکەوانی کۆمپانیاکە بڕیاری دا سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب و تاران و بەیروت دەستبەجێ ڕابگرێت.

کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە، کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکات و لە چەند ڕۆژی داهاتووش هەڵسەنگاندنێکی زیاتر ئەنجام دەدات.

دوێنێ سەدان ئامێری پەیوەندی لە چەند ناوچەیەکی لوبنان تەقینەوە، لە ڕووداوێکدا 9 کەس کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 750 کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان ئەندامی حزبوڵڵا بوون.