سەركردە سیاسییەكانی عێراق سیخوری بەسەر یەکترەوە دەکەن

مانگێكە تۆڕی سیخوریكردن و چاودێریكردن بەسەر سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرلەمانتاران و سیاسییەكانی عێراق بەردەكەوتووە و كێشەی لە نێوان حكوومەت و چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی دروست كردووە.

سیخوریكردن و چاودێریكردن بەسەر سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرلەمانتاران و سیاسییەكانی عێراق بەردەكەوتووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئیسماعیل قائانی، ناچار بکات لە سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ چەند سەركردەیەكی چوارچێوە گفتوگۆ بكات تا دۆخەكە هێوربكەنەوە و بەڵام بێ ئەنجام بووە، هەروەها لەسەر ئەو بابەتە تا ئێستە 10 كەس دەستگیر كراون.

تۆڕی چاودێری و سیخوریكردن بەسەر كەسایەتییە حكوومی و سیاسییەكانی عێراق، وایكرد ئیسماعیل قائانی، لە سەردانەكەی بۆ عێراق، لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان بكات و داوایان لێبكات دۆخەكە هێوربكەنەوە گووتویەتی: "هاوپەیمانییەكەتان لە ژێر هەڕەشەدایە."

مێدیای عەرەبی  بڵاوی كردووەتەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە گفتوگۆییەكانی لەگەڵ هادی عامری و قەیس خەزعەلی و سیاسییەكان نەگەیشتووە بە ئەنجام.

هاوكات بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆیان لە هێوربوونەوەی دۆخەكە بە دوورگرتووە و گوتوویانە: "تۆڕەكە هێڵی گەڕانەوەیان بۆ ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ حكوومەت تێپەڕاندووە".

مێدیای عەرەبی ئاماژەی بەوە كردووە لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، زۆرینەی ئەوانەی لە تۆڕەكەدان فەرمانبەری  فەرمانگەی سەرۆكایەتیی حكوومەتن و دەڵێن:  لە داهاتوودا ئەم پرسە یەكێكە لە گەورەترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و هاوپەیمانیەتەکان.

هەروەها سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، تۆڕی سیخوریكردن بە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبەستنەوە، بەڵام ئەمە بە فەرمی ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ  تۆڕێكی لە كۆشكی  سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق دەستگیر كرد كە محەمەد جوحی سەرۆكایەتی تۆڕەكەی كردووە، بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکان، تۆڕەكە كاری دروستكردنی هەواڵی ساختە و هەڵسوكەوتكردن وەك سیاسی و بارزگان و خاوەن مێدیا، لەگەڵ ئاراستەكردنی سۆشیاڵ مێدیا بووە، تا ئێستە 10 كەس لەسەر ئەو پرسە دەستگیركراون و  بەدەیان فەرمانی دەستگیرکردنیش دەرکراون.

دەركەوتنی تۆڕەكە دەگەڕێتەوە بۆ مانگێك پێش ئێستە كە فەرمانبەرێك لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەرپرسیایەتیی بڵاوبوونەوەی لەكەداربوونی چەند بەرپرسێك و پەرلەمانتار و کەسایەتییەکی سیاسی ڕاگەیاند و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا، لەدوای ئەم پرسە کێشەکانی نێوان سوودانی و بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی قوڵتر بوونەوە.