بە دروشمی "هەولێر هەر هەولێرە" بازاڕی هەولێر دەشۆردرێت
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە هەڵمەتێکی خۆبەخشیدا سەدان لاو بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی یەک و تیمەکانی شارەوانی بە دروشمی هەولێر هەر هەولێر بازاڕی گەورەی سەنتەری شاری هەولێر پاک دەکەنەوە و دەشۆرن.
ژیار جەلال گوتیشی: لە هەڵمەتەکەدا نزیکەی 300 لاو بەشدارن و هەموو ڕێگەکانی هاتنە نێو بازاڕی هەولێر داخراوە بۆ ئەوەی هەڵمەتەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەبچێت.
هەروەها ئاماژەیدا هەڵمەتەکە لەلایەن خێرخوازێکی شاری هەولێر ڕێکخراوە و بۆ شۆردنی تەواوی بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر 11 تانکەری 20 هەزار لیتری ئاو ئامادە کراوە و تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی شارەوانی یەک و بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر هاوکاری هەڵمەتەکە خۆبەخشییەکە دەکەن و هەموو ئامێر و کەلوپەلێکی پێویستیش ئامادە کراوە بۆیان.