دەزگای ئاسایشی هەرێم: گەنجە عەرەبەکە لەسەر دەمەقاڵێ کوژراوە

دەمەقاڵێکە لەسەر فوللایتی ئۆتۆمبێل بووە

شاری سلێمانی (وێنە: ئەرشیف)
شاری سلێمانی (وێنە: ئەرشیف)

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوی تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردووی شەقامی مەلیک مەحموودی شاری سلێمانی ڕاگەیاند. کە دوو گەنجی عەرەب بە گولـلە بریندارکران و یەکێکیان بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی گیانی سپارد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، شەوی ڕابردوو 19ی ئەیلوولی 2024، لە شەقامی مەلیک مەحموود لە شاری سلێمانی، دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێل دروست بووە و شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە دەمانچە دوو هاووڵاتی بریندار کردووە و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی سپاردووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە دوای ڕووداوەکە بەخێرایی شوێنەکەی جێهێشتووە و هەڵاتووە، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی، بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی شارەکە توانراوە دوای پێنج کاتژمێر تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکەن.

بە گوێرەی بەدواداچوونی کوردستان24، دەمەقاڵێ و ئاڵۆزیی دوو گەنجە عەرەبەکە و تەقەکەرە نەهۆی فوللایتی ئۆتۆمبێل بووە و ئەوەشی گیانی سپاردووە گولـلە بەر سەری کەوت بوو، بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوولی 2024، لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخەی سلێمانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپارد.