لە سنووری حاجی ئۆمەران بروسک لە مام و برازایەکی دا
بۆ چارەسەری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی هەولێر دەکرێن
هەورە بروسک لە کوێستانەکانی سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران لە دوو هاووڵاتیی داوە کە مام و برازان و بەهۆی بەهێزی بروسکەکەوە چەند شوێنێکی جەستەیان سووتاوە و بۆ چارەسەر ڕەوانەی هەولێر دەکرێن.
دکتۆر ئەحمەد حەسەن بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، کاتژمێر 11 پێشوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوولی 2024، لە کوێستانەکانی نێوبان لە سنووری گوندی ناوەندەی سەر بە شارەدێی حاجی ئۆمەران بروسکە لە دارێکی داوە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە ژێر دارەکە بوون و بەهۆیەوە جەستەیان بەشێوەی جیاواز سووتاوە.
گوتیشی: یەکێکیان ناوی محەمەد حەسەنە و تەمەنی 24 ساڵە و پۆلیسی هاتوچۆیە، بەهۆیە بروسکەکەوە پشتی و دەست و قاچی سووتاون و زەبرێکیش بەر سەرکەوتووە. برازاکەشی کچێکی تەمەن 14 ساڵانە بە ناوی ڕۆژان عەبدوڵلا حەسەن ئەویش هەردوو قاچی سووتاون، دوای چارەسەری سەرەتایی لەسەر بڕیاری پزیشکی ئێشگر ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران کراون.
هەر لە بارەی تەندروستی ئەم دوو هاووڵاتییە، ئازاد ساڵح مەحموود بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەردوو هاووڵاتییەکە بۆ ئەوەی چارەسەری تەندروستی باشتریان بۆ بکرێت ڕەوانە نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی هەولێر دەکرێن، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی سووتاوی.