شێرکۆ کەریم سەرکردایەتی یەکەم بردنەوەی هەولێری کرد
یانەی هەولێر لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری و بە ئامادبوونی نزیکەی 15 هەزار هاندەر، میوانداری یانەی دیالای کرد و یارییەکەشی بە سەرکردایەتی شێرکۆ کەریم، بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
هەردوو یانەی هەولێر و دیالا لە یەکەم یاریی وەرزی 2024-2025 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی یەکتری بونەوە. هەرچەندە سەرەتا یاریزانانی یانەی میوان گۆڵی یەکەمیان کرد، بەڵام دواتر یاریزانانی قەڵا و منارە بە دوو گۆڵ وەڵامی میوانەکەیان دایەوە.
شێرکۆ کەریم لە خولەکی 26 بە شوتێکی بەهێز توانی بە جوانترین شێوە، گۆڵی یەکەم و بەرامبەربوونی هەولێر لە یارییەکە بکات. دوای ئەم گۆڵە یاریزانانی هەولێر زۆر هەوڵی گۆڵی دووەمیاندا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و نیوەی یەکەم بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
نیوەی دووەم سەمیر بابۆ راهێنەری یانەکەی قەڵا و منارە، بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک، جلەوی یارییەکەی گرتە دەست و لە خولەکی 84، گەیلان لوقمان دوای هاتنە ناو یاریگا، ئاسیستێکی بۆ شێرکۆ کەریم کرد و ئەو یاریزانەش گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی لە یارییەکە کرد.
یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر کۆتایی هات و یەکەم سێ خاڵی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەی عێراقیان بەدەستهێنا، هەروەها شێرکۆ کەریم خاوەنی دوو گۆڵەکەی یانەی هەولێر، وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا.