گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی حەلبووسی دەداتەوە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و پەیامێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی ناوبراو کرد.
هەینی 20ـی ئەیلوولی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی زێدەڕۆییەکانی ئەم دواییانەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، پەیامی خەڵکی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی ناوبراو کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: وەڵامی خەڵکی کوردستان بۆ حەلبووسی ئەوەیە "وەفاداری زۆر گرانبەهایە، لە کەسی بێ بەها چاوەڕێی مەکە" (الوفاء غالي جدا، فلا تتوقعه من شخص رخيص).
دژایەتیکردنی کورد، ئەو دروشمەی سیاسییەکانی عێراق بیانەوێت پۆستێک یاخود دەستکەوتێک بەدەست بهێنن پەنای بۆ دەبەن و لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەن پێی بگەن.
محەممەد حەلبووسی دیارترین نموونەی ئەم دیاردەیە لەناو ژینگەی سیاسیی عێراقدا. حەلبووسی کە ماوەی 10 مانگە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لادراوە و بەهۆی فرەجەمسەری و ناکۆکیی سوننەکانەوە نەتوانراوە کەسێک لەجێگەی دابنرێت، لە نوێترین هەڵوێستیدا دژایەتی خۆی بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە دەردەبڕێت و داوا دەکات چەکی قورس و تۆپهاوێژیان پێ نەدرێت.
محەممەد حەلبووسی دەشڵێت: ڕەنگە ئەو چەکانەی بەهێزە ناوخۆییەکان دەدرێت لە ململانێی نێوخۆیدا بەکار بهێنرێن.
قسەکانی حەلبووسی دژی پێشمەرگە، ڕێگەیەکی نوێیە بۆ ئەوەی ناوبراو دڵی دژە کوردەکان بە دەست بهێنێت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە 10 مانگە بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێت یەکلایی بکرێتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم کە ڕۆژانە ئەندام پەرلەمانیان لێ هەڵدەوەرێت و درزی زیاتر دەکەوێتە ناو پێکهاتەی سووننە، لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ حزبەکەی یەکلایی بکاتەوە و دەنگی شیعەکان بۆخۆی بەدەست بهێنێت.
پێشمەرگە لە ماددەی 121ـی دەستووری عێراق وەک هێزێکی فەرمی و پارێزەری دەستوور ناوی هێنراوە، سەرباری ئەم ڕاستییە، محەممەد حەلبووسی دەیەوێت بە ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، وەک هێزێکی کاریگەری لەشەڕی دژی داعش پێگەی خۆی لای لایەنە شیعییەکان بەهێز بکات.