مەسرور بارزانی: بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی یەکێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی دەڕوانین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان بەبۆنەی 54مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند، بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی یەکێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی دەڕوانین، هیوادارین بەردەوام بن لە کارکردن لە پێناو بەهێزتربوونی بنەماکانی لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردن و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەی هزری توندڕەوی و ڕق و کینە و توندوتیژی.