مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپایی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپایی" و "بەردەوام دەبین لە دۆزینەوە بازاڕی ناوخۆ و دەرەکی بۆ بەرهەمی جووتیارانمان". 

ئەمڕۆ شەممە، 21-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەی سلیڤانای بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ، کردەوە و دواتر گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. 

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا پرۆژەکەی بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و ڕایگەیاند: کردنەوەی کارگەی سلیڤانا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دروست کراوە.  

سەرۆک وەزیران هیوای خواست، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم کارگەیە بتوانێت خزمەتێكی باشتری جووتیارانی دەڤەرەكە بكات و هەوڵ بدەن هەرچی زووە پرۆژەكە فراوانتر بكەن و كارگەی پەیوەندیدار بۆ بەرهەمەكانی گەنم دابمەزرێنن.

کابینەی نۆیەم وەکو ئەوەی بارزانی باسی کرد "هەوڵی داوە بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک بدات، "بۆیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چی وەکوو حکوومەت، یان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، چەندین پرۆژەی کشتوکاڵیمان جێبەجێ کردوون و ژمارەیەک سایلۆمان کردوونەتەوە".

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە "بە کردار کارمان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆ و دەرەکی بۆ بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کردووە و لەم چەندە بەردەوام دەبین. ئەمڕۆ بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپایی، بەڵام زۆر گرنگە جووتیارانمان ئاستی کوالیتیی بەرهەمەکانیان بەرز ڕابگرن و کاری کشتوکاڵییان بە ڕێگەی زانستی و سەردەمییانە پەرە پێ بدەن".

پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمە بە مەبەستی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک، هەزاران هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە".

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر ئەوەی، "ئامانجمانە کۆمەڵگەکەمان لە بەکارهێنەرەوە ببێتە بەرهەمهێنەر، بۆیە بە هەموو شێوەیەک لە پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆ بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کارگە و پرۆژەی لەم شێوەیە بەردەوام بن و بتوانین ڕکابەریی لەگەڵ بەرهەمی دەرەوەش بکەین".

 

Fly Erbil Advertisment