بە ڤیدیۆ؛ سەرۆک وەزیران لەنێو بازاڕی کۆنی زاخۆ

سەرۆک وەزیران لەنێو بازاڕی کۆنی زاخۆ
سەرۆک وەزیران لەنێو بازاڕی کۆنی زاخۆ

شەممە، 21-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای کردنەوەی کارگەی سلیڤانا؛ بە یاوەری گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەردانی بازاڕی کۆنی شارەکەی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی دوکاندار و کاسبکاران گرت. 

بازاڕی کۆنی زاخۆ "بازارێ کەڤنێ زاخۆ" کە مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، بەشێوازێکی کولتووریی و شوێنەواریی نۆژەن کراوەتەوە.

گەشەپێدانێکی زۆری کولتووریی و ئابووریی لە شاری زاخۆ ھەیە و کۆنترین بازاڕی زاخۆ کە بە "سیکا تاری" ناسراوە. ئێستە نۆژەن کراوەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانی خەڵکی شارەکە و ئامادەسازیی دەکرێت بۆئەوەی پێشوازیی لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی بکرێت لەو بازاڕە.

بازاڕەکە لە مەترسی لەناوچوون پارێزراوە بۆئەوەی جارێکی تر ژیانی بۆ بگەڕێتەوە، چونکە خەڵک پێش نۆژەنکردنەوەی نەدەھاتن بۆ ئەم بازاڕە و سیمای خۆی لە دەست دابوو. لە ناوەڕاستی مانگی 10ـی ساڵی 2022 گوژمەی یەک ملیار و 180 ملیۆن دیناری عێراقی لە بوودجەی پەرەپێدانی ھەرێمەکان، بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە تەرخان کرا. بازاڕی کۆنی زاخۆ کە لە 130 دوکان پێک ھاتووە ئێستە کارەکانی تەواو بووە.