ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی و زاخۆییەکان پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن
بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئاهەنگی سێیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوە دەچێت.
کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 21-09-2024، لە کۆڕنیشی دەلال، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئاهەنگی سێیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ ئاهەنگەکە بە بەشداریی هەر یەکە لە هونەرمەندان، عەبدولقەهار زاخۆیی، دیلانار یلدز و بورهان زێباریی شاعیر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بەردەوام دەبێت.
دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.
ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.
له سه‌رده‌می کابینەی نۆیەم، 13 پرۆژەی گرنگ و ستراتیجیی به گوژمەی زیاتر لە 83 ملیۆن دۆلار مۆڵه‌تیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وه‌رگرتووه کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بووژاندنەوەی کەرتەکانی بازرگانی، گەشتیاریی و پیشەسازیی ئیداره‌كه هەبووە.
بێجگە لەم 13 پرۆژە گرنگ و ستراتیجییە؛ پرۆپۆزه‌ل بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان؛ پێشكه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌به‌رهێنانی زاخۆ كراون و دوای پێداچوونه‌وه و گرتنه‌به‌ری ڕێكاره یاسایی و كارگێڕییه‌كان؛ مۆڵه‌تیان پێ ده‌درێت.
لەوەتەی زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی 286 پرۆژە لەو سنوورە دراوە؛ 218ـیان تەواو بوون و 68 پرۆژەی دیکەش لە جێبەجێ کردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەتی هاووڵاتییان.
پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش کراون:
* کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە
* کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە
* کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پرۆژە
* کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە
* کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە
* کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پرۆژە
* کەرتی فەرمانگەکانی حکومەت و ئەوقاف: 54 پرۆژە
پێشتر گوهدار شێخۆ ، سه‌رپه‌رشتی ئیداره‌کە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، به‌ر له‌وه‌ی زاخۆ بكرێته ئیداره‌یەکی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نیا 35%ـی ڕێگه‌وبانه‌كانی قیڕ کرابوون، به‌ڵام بە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئێستە، زیاتر لە 81%ـی ڕێگه‌وبانه‌كان قیڕ كراون و پرۆسەی قیڕتاوکردنی ئەوانەی ماون، بەردەوامن.
کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات 16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون .
هەڵکەوتەی جوگرافیای زاخۆ:
زاخۆ، ده‌كه‌وێته باكووری پارێزگای دهۆك، له ساڵی 1864ـه‌وه بووه‌ته قه‌زا، ڕووبه‌ره‌كه‌ی 1209 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له 300 هه‌زار كه‌سه، جگه له‌و ژماره‌یه، 90 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ری لێ ده‌ژیت.
زاخۆ، له رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ قه‌زای ئامێدی، ناوه‌ندی دهۆك و قه‌زای سێمێل له باشوور و باشووری رۆژئاوا، قه‌زاكه هاوسنووره له‌گه‌ڵ باكووری كوردستان.
له ڕووی ئابوورییه‌وه، زاخۆ پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه و ده‌روازه‌ی سنووری "ئیبراهیم خه‌لیل" له سنووری قه‌زای زاخۆیه، هه‌رێمی كوردستان به توركیا ده‌به‌ستێته‌وه و ڕێگه‌یه‌كی بازرگانی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش.
زاخۆ چه‌ندین شوێنه‌واری مێژووی گرنگی هه‌یه كه به پێی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێژوویی دهۆك، (159) شوێنه‌واری مێژوویی له‌و قه‌زایه ده‌ستنیشان كراون، له گرنگترینیان (پردی ده‌لال، كه‌للی زاخۆ، كه‌للی قوباد پاشا، شوێنه‌واری كێسته).