ئیسرائیل لە هێرشێکدا 16 چەکداری حزبوڵلای لوبنانی کوشت کە دووانیان بەرپرسن
ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵلای لوبنانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی "یەکەی ڕەزوان"ـی حزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری بەیروت و 16 کەسی کوشت، کە فەرماندەی یەکەکە و سەرکردەیەکی دیکەی دیاری ئەو گرووپە لە ناو کوژراوەکاندان.
ئەمڕۆ حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاند، 16 ئەندامیان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراون، کە لانیکەم دوو سەرکردەیان تێدایە، لە کاتێکدا ئیسرائیل دەڵێت: زەبرێکی وردی لە باشووری بەیرووت وەشاندووە.
حزبوڵلای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەحمەد مەحمود وەهبی کە بەرپرسی یەکەی ڕاهێنانی ناوەندی بووە، لە سەرەتای شەڕی غەززە تا سەرەتای ساڵی 2024 سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزی ڕەزوانی لە بەرەی پشتیوانیی لوبنان کردووە".
سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە حزبوڵلای لوبنانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە عەقیل لە کاتی دیدار لەگەڵ "سەرکردە" مەیدانییەکانی ناو ئەو حیزبە کوژراوە.
لای خۆیەوە فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروتی باشووری لوبنان، لانیکەم 31 کەس کوژراون کە سێ منداڵ و حەوت ئافرەت لە نێویاندا بوون.
هەروەها عەلی ئیبراهیم عەقیل، دووەم بەرپرسی باڵای سەربازیی حزبوڵلایە کە لە دوای فوئاد شوکر، لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری بەیروت تیرۆر دەکرێت.