نوێترین زانیاری لەبارەی یارییەكانی یانەی دهۆك لە یاریگەی خۆی

دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆكی یانەی دهۆك
دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆكی یانەی دهۆك

دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆكی یانەی دهۆك لە رێگەی كوردستان24ـەوە رایگەیاند لە دوای یاریی كلاسیكۆ چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆك دەگۆڕن، دەشڵێت: ئەگەر پێویست بكات یارییەكانمان دەبەینە یاریگەی یانەی هەولێر.
دوای ئەوەی ئاهەنگی كردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی یانەی دهۆك بەڕێوە چوو، بەشێك لە میدیایەكانی عەرەبی عێراقی رەخنەیان لە چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆك گرت و دەنگۆی ئەوەش بڵاوكرایەوە كە یانەكە ئاگادار كراوەتەوە ئەگەر چیمەنی یاریگەكەی نەگۆڕێت ناتوانێت یارییەكانی لە نێو یاریگەی خۆی بكات.
لەمبارەیەوە دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆكی یانەی دهۆك لە رێگەی كوردستان24ـەوە رایگەیاند ئەوان لەسەر رەزامەندی لێژنەی رێگەپێدان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریاندا بوو بۆ ئەو وەرزە چیمەنی یاریگەكەیان نەگۆڕن، دەشڵێت: فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كاتێك زانی دەرفەت لەبەردەم ئێمە كەمە، بۆیە بڕیاریدا تەنیا چیمەنەكە نۆژەن بكەینەوە تا وەرزی داهاتوو نەیگۆڕین، هیچ نووسراوێكیش بۆ ئێمە نەهاتووە كە نەتوانن یارییەكان لە نێو یاریگەی خۆمان ئەنجام بدەین.
سەرۆكی یانەی دهۆك گوتیشی: پێش 10 رۆژ لەسەر رێنماییەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق چیمەنی یاریگەمان دەستكاری كرد و كەموكورتییەكانمان چاك كرد و ئەو شوێنانەی پێویست بوو تـۆمان كرد، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین كاتێك ئەو تۆیە شین نەبوو، گەرماش ئەوەندیتر چیمەنی یاریگەكەی وشك و خراپتر كرد.
دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی بۆ گۆڕینی چیمەنی یاریگەكە دەركردووە، دەشڵێت: سوپاسی سەرۆكوەزیران دەكەین بەردەوام پاڵپشتی یانەكەمان بووە، لەسەر راسپاردەی ئەوانیش لەگەڵ باشترین كۆمپانیای هۆڵەندی بۆ گۆڕینی چیمەنی یاریگەمان لەسەر هێڵین.
سەرۆكی یانەی دهۆك لە رێگەی كوردستان24ـەوە گوتیشی: باشترین جۆری فریز بۆ چیمەنی یاریگەكەمان لە دەرەوە دەهێنین، هەمان ئەو فریزەی كە پێش 13 ساڵ لە یاریگە چاندمان و سەركەوتنیشی بەدەستهێناوە.
عەبدوڵڵا جەلال هێمای بۆ ئەوەش كرد لە دوای یاریی كلاسیكۆی نێوان دهۆك و هەولێر كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت، راستەوخۆ دەست دەكەن بە گۆڕینی چیمەنی یاریگەكەیان، دەشڵێت: نزیكەی دوو هەفتەی بۆ گۆڕینی چیمەنی یاریگەكە پێویستە، بەدڵنیاییەوە یاریگەكەمان بۆ یارییەكانی جامی یانەكانی كەنداو ئامادە دەبێت، ئەگەر كەوتینە بارودۆخێك پێویستی كرد یارییەكانمان ببەینەوە دەرەوە، بێگومان یاریگەی یانەی هەولێر هەڵدەبژێرین، چونكە لەو شارە تەنیا ئەو یاریگە رەزامەندی بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراقی هەیە.

یانەی دهۆك پێشتر تەنیا جارێك لە 2009 نازناوی خولی نایابی عێراقی كردووەتەوە، وەرزی رابردووش توانی بلیتی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی جامی یانەكانی كەنداو بەدەستبهێنێت، لە یەكەمین یاریی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر زەورا بە گۆڵێكی بێبەرامبەر دۆڕا و یاریی داهاتووشی بەرامبەر یانەی هەولێرە.

.