نمایشی شاولین کۆنگ فۆى چینى سازکرا
لە چوارچێوەى یادی دامەزراندنی 75 ساڵەی کۆماری میللی چین، نمایشی شاولین کۆنگ فۆى چینى بە بەشدارى ژماریەک یاریزانان بەرێوەچوو.
ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و فەلاح مستەفا، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێم و لیو جیون، كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە کونسوڵ و نێردەى وڵاتان و بەرپرسانى دیکەى وەرزشى و وەرزش دۆستان، لە هۆڵى شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێرى پایتەخت، لە ڕێورەسمێکدا لە چوارچێوەى یادی دامەزراندنی 75 ساڵەی کۆماری میللی چین، نمایشی شاولین کۆنگ فۆى چینى بە بەشدارى ژماریەک یاریزانان بەرێوەچوو کە لەلایەن كونسوڵخانەى چین لە هەولێر بە هەماهەنگى ناوەندى وەرزشى کوردستان ڕێکخرابوو.
پێنجشهممه، 19ـی ئهیلوولی 2024، له ههولێر و له مەراسیمی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری میللی چینی كه سهرۆك وهزیرانی کوردستان مهسرور بارزانی تێیدا ئامادەبوو، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە حکوومەتی چینی میللی کرد بۆ یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی ئەو کۆمارە.
ڕێبەر ئەحمەد گوتی: سوپاس بۆ حکوومەتی چین، بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییەکانیان، بوونی نوێنەرایەتی چین لە هەرێمی کوردستان لە 2014 بڕیارێکی پڕ بەهایە، چونکە کردنەوەی نوێنەرایەتی کۆماری میللی چین لە سەردەمی جەنگی دژی داعش ئاماژەبوو،بۆ گرنگیدانی ئەو وڵاتە بە کوردستان، گوتیشی: چین چالاکانە کاری بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و تواناسازیی و سەرچاوەی مرۆیی، ڕەخساندنی ئاڵۆگۆڕی فەرهەنگی و زانستی کردووە.
گوتی: کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین و زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین، نموونەی بەهێزی ئەو پەیوەندییانەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری میللی چینە.
ڕێبەر ئەحمەد گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و کلتووری و زانستی لەگەڵ نێردەی وڵاتان بەهێز بکات ، بەتایبەت لە بابەتی تواناسازیی و سەرچاوەی مرۆیی کە زیاتر لە 300 کارمەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خولەکانی چین سوودیان وەرگرتووە.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە، زۆریک لە کۆمپانیاکانی چین لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هاوکات بەرهەمەکانی چین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو هەن، هەروەها ئاماژەی بە ئاسانکاریی پیدانی ڤیزا بۆ خاوەنکار و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد کە پەیوەندییە بازرگانییەکان بەهێزتر دەکات.