ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق دێتە هەولێر

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە؛ ئەمڕۆ شـاندێک لە بەغداوە دێتە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات. 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.

هەمان سەرچاوەی کوردستان24 باسی لەوەش کرد، وا بڕیارە وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەکردنی یەکجارەکیی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران؛ سەردانی بەغدا بکات.

وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستە 808 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشتی)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە و بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی تەواوکەری مووچەی ئەو دوو مانگە بۆ بوونی کێشە لە لیستی مووچە، گەڕاندووەتەوە.

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.