حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق چارە دەکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر چارەکردنی تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی لیستی مووچەی مووچەخۆران دەکات و دواتر سەردانی بەغدا دەکات.

یەکشەممە، 22-09-2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی بەغدا بکات.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئامانج لە چوونی شاندەکە "بەدواداچوونە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ چارەکردنی یەکجارەکیی کێشەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

سەرچاوەکەی ماڵپەڕی کوردستان24، کە ئەندامی شاندەکە دەبێت، ئاماژەی بەوە کرد "ئێستە کار لەسەر چارەکردنی تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی هەردوو لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ دەکەین؛ دەمانەوێت بەبێ کەموکوڕی بێنرین، بۆ  ئەوەی کاتێک دەچینە بەغدا، لە وێ تووشی کێشە نەبینەوە. واتا سەردانەکەمان دەکەوێتە دوای ناردنی لیستەکانی مووچە".

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستە ڕوو "دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئەوانەی ناویان لە لیستەکانی مووچەیە، هەموویان بایۆمەتریان کردووە و ژمارەی وەزیفییان هەیە؛ ئەوانەی کێشەی ناوی چواریی دووبارەشیان هەیە، ناوی دایک و ساڵی لە دایکبوونیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێن".

ناردنی 572 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە

یەکشەممە، 22-09-2024، نزیکەی 572 ملیار دیناری تەواوکەری مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی مووچەخۆران، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بڕیارە لە نزیکترین کاتدا تەواوی ئەو بڕە پارەی ماوە بۆ مووچەی هەردوو مانگی حەوت و هەشت، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانە بکرێت".

بە گوتەی ڤیان سەبری، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی، مووچەی هەمان مانگ (9)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکات.

شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتە هەولێر. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.

کوردستان24 زانیویەتی، شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ وەزارەتی دارایی، پێشمەرگە، دیوانی چاودێریی و ژمارەیەک لە دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

داهاتی نانەوتیی خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، بڕی 91 ملیار و 151 ملیۆن و 784 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری 2024 خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

هەروەها لە 1ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاندبوو، 74 ملیار و 844 و ملیۆن و 532 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.